پێنج شەممە, 29 حوزەیران 2017

باری كەسیەتی 

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 

 

                                                               مافپەروەر عزالدین عبدالله یاسین

                                                             

باری كەسیەتی:  واتا ئەو خەسڵەتانەی مرۆڤێك لەمرۆڤێكی تر جیا دەكاتەوە.

باری كەسیەتی وەك (دەستەواژە)

بریتیە لەكۆمەڵێك خەسڵەت كەمرۆڤێك لەمرۆڤێكی تر جیادەكاتەوە لەڕووی سروشت یاخود خێزانیەوە كەیاسا كاریگەری لەسەر كەڵەكە كردووە لەژیانیدا لەبەر ئەوەی مرۆڤە جا نێر بێت یاخود مێ‌ . 

بۆیە بەپێویستی دەزانین پێناسەی چەند دەستەواژەیەكی پەیوەندی دار بەوبابەتە بكەین بەئومێدی گەیاندنی زانیاری یاسایی بەخوێنەری بەریز:

پێناسەكان

1 - مارەیی

 بریتیە لەوەی بەڕێككەوتنی ژن وپیاو لەگرێبەستی هاوسەرگیری دیاری دەكرێت كەدەكرێت نەختینە یاخود خشڵ وزێڕ یاخود هەرشتێكی تر بێت بەمەرجێك بەگوێرەی شەرع ویاسا ڕێگا پێدراو بێت بۆ مامەڵەكردن وقەدەغەكراو نەبێت , وئەگەر لەبنەڕەتەوە دیاری نەكرا كاریگەری لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیری نابێت لەبەر ئەوەی مارەیی بەمەرج وكۆڵەكەی گریبەستی هاوسەرگیری داناندرێت . 

2- مارەیی پێشەكی 

بریتیە لەبەشێك لەو مارەییەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە لەگرێبەستی هاوسەرگیری لەنێوان هەردوو هاوگرێبەستەكە (ژن و پیاو) كەدەبێت  پیاو لەپێش گواستنەوەی ژن ئەو مارەییە ڕادەست بكات كەلەبەڵگەنامەی گرێبەستی مارە بڕین تۆماركراوە.

3- مارەیی پاشەكی

بریتیە لەبەشی دووهەمی ئەو مارەییەی ڕێككەوتنی لەسەركراوە وتۆمار دەكرێت لەبەڵگەنامەی گرێبەستی مارە بڕین، بۆ ژن هەیە داوای ئەو مافەی خۆی بكات لەحاڵەتی هاتنی وادەی ئەگەر دیاریان كردبێت یاخود شایستە بوونی ڕەوا كەمردنی پیاو یاخود تەڵاقدانی ژنە.

4- مارەیی دیاری كراو 

بریتیە لەو مارەییەی دیاری كراوە لەگرێبەستی مارەبڕین كەپێشتر لەنێوان ژن وپیاو ڕێككەوتنی لەسەركراوە.

5- مارەیی هاوشێوە 

بریتیە لەو مارەییەی هاوشێوەكانی ئەو ئافرەتە بۆیان دیاریكراوە لەوانەی هاوسەرگیریان كردوە لەلایەنی بەرە باوكی وەك خوشكی یاخود كچی مامی بەڵام ئەگەر ئەوانە نەبوون ئەوە مارەیی هاوشێوەكانی لەئافرەتانی شارەكەی پێ‌ ئەدرێت .

 

 

6 -بژێوی 

بریتیە لەسەرجەم مافە داراییەكانی ژن كەپیاو پابەند دەبێت بەپێدانی لەكاتی دەست پێكردنی گرێبەستی مارەبڕین وبەپێی حاڵەتی دارایی پیاو دەخەمڵێنرێت (بەهەبوون یاخود نەبوون) لەبەر ئەوەی بژیوی هەموو كەسێك لەسامانی خۆیەتی تەنها بژیوی ژن لەسەر مێردەكەیەتی.

7- ماڵی ڕەوا

بریتیە لەبەشێك لەبژێوی ژن كەمافی ڕەوای خۆیەتی پیاو لەماڵێكی سەربەخۆ دایبنێت وسەرجەم پێداویستیە ڕەواكان لەخۆ بگرێت كەپێویستی دەبێت بۆ ژیانێكی ئاسایی.

8- بژێوی ماوەی چاوەڕوانی (بێ نوێژی)

ئەگەر پیاو ژنەكەی تەڵاقدا تەڵاقی گێڕانەوەیی یاخود جوداكەرەوە پێویستە بژێوی ماوەی چاوەڕوانی تەڵاقی پێ‌ بدات تاكو ئەو ماوەیە تەواو دەبێت ئەوەش وەك بژێوی ژن ئەژمار دەكرێت لەپێش تەڵاقدان . 

9- گوێڕایەڵی

بریتیە لەڕەزامەندی وپابەندی وبەدەنگەوەچوونی ژن بۆ مێردەكەی لەو چوارچێوەیەی دیاریكراوە بەپێی یاسا وشەرع بەشێوەیەك زیان بەژن نەگەیەنیت.

10-پەنهانی دروست 

بریتیە لەپێكەوەبوونی ژن وپیاو بەشێوەیەك لەشوێنێك بن ڕێگریەك نەبێت لەجووت بوونی نێوانیان ئەمەش لەكاتێكدا ئەگەر گرێبەستی مارەبڕینی دروست ئەنجامدرابوو وپەنهانی لەنێوانیان ڕوویدا وهیچ ڕێگریەكی هەستی یاخود سروشتی یاخود ڕەوا نەبێت بۆ ئەم مەبەستە.

11- جودابوونەوەی جوداكەرەوەی گەورە

بریتیە لەتەواوكەری تەڵاقی سێهەم ئەگەر پیاو ژنەكەی تەڵاقدا بەسێ‌ تەڵاق لەوكاتەدا لێی حەرام دەبێت وبۆی ناشێت تاكو مێرد بەكەسێكی تر دەكاتەوە مێرد كردنێكی دروست دواتر تەڵاقی بدات یاخود بمرێت ئەو كاتە ئەتوانێت جارێكی تر بیهێنێتەوە بەگرێبەست ومارەییەكی تر ئەگەر ژنەكە ڕەزامەند بێت.

12- لاساری

بریتیە لەخۆ بەگەورە زانینی یەكێك لە هاوسەرەكان لەسەر ئەوەی تر.

13- تەڵاق

هەڵگرتنی كۆتی هاوسەرگیریە بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە كەشەرع ‌ویاسا گوزارشتی لێبكات بەبێ‌ بەستنەوەی بەشێوازێكی دیاریكراو یاخود زمانێكی دیاری كراو بۆ كەوتنی لەلایەن مێرد یاخود ژن ئەگەر یەكێكی كردە بریكار  بۆ ئەوە یاخود سەرپشكی كرد یاخود لە دادوەرەوە بێت.

14- تەڵاقی گێڕانەوەیی

بریتیە لەوەی پیاو لەدوای گواستنەوە ژنەكەی تەڵاق بدات یەك یاخود دوو تەڵاق دواتر بیگێڕێتەوە لەپێش كۆتایی هاتنی ماوەی چاوەڕوانیەكەی (بێ نوێژی) بەبێ‌ گرێبەست ومارەیی تازە بەمەرجێك ژنەكە ڕەزامەندبێت لەسەر ئەوە.

15- تەڵاقی پێش گواستنەوە

 ئەگەر هاتوو پیاو گرێبەستێكی دروستی لەگەڵ ژندا بەست دواتر تەڵاقیدا لەپێش ئەوەی بیگوازێتەوە تەڵاقەكە جوداكەرەوەی جودایی بچووكە وناگەڕێتەوە بۆلای تەنها بەگرێبەست ومارەییەكی نوێ‌ نەبێت وبەیەك تەڵاق ئەژمار دەكرێت وماوەی چاوەڕوانی(بێ‌ نوێژی) لەسەر نیە.

16- تەڵاقی دوای گواستنەوە

بریتیە لەوەی پیاو ژنەكەی تەڵاق بدات لەدوای گواستنەوەی لەوكاتەدا هەمەجۆر دەبێت لەنێوان گێڕانەوەیی وجوداكەرەوەیی بەدابەشی (بچووك و گەورە) وماوەی چاوەڕوانی( بێ نوێژی ) وبژێوی وپێ‌ نەشیاوی ومیرات گرتنی لەسەر كەڵەكە دەبێت ئەگەر هاتوو گێڕانەوەیی بوو وئەگەر مێردەكە مرد ژنەكەش لەماوەی چاوەڕوانیدا بێت ڕەچەڵەكی بۆ دەسەلمێت ومارەییەكەشی بە تەواوی پێ‌ ئەدرێت.

17- تەڵاقی پێوار

بریتیە لەوەی پیاو ژنەكەی خۆی تەڵاق بدات بەویستی تاكلایەنەی خۆی بەبێ‌ ئاگاداری ژنەكەی یاخود لەحاڵەتی ئامادە نەبوونی. 

18- تەڵاقی جێبەجێ‌ كراو 

بریتیە لەو تەڵاقەی شێوازەكەی هیچ سەرەڕاییەكی تێدا نیە بۆ كاتێكی داهاتوو وهەڵنەپەسێردراوە لەسەر ڕوودانی كارێك لەداهاتوودا، وەك ئەوەی پیاو بەژنەكەی بڵیت : تۆم تەڵاقدا یاخود تەڵاق دراوی یاخود تەڵاقم دای ,حوكمی ئەم كارە كەوتنی تەڵاقە دەست بەجێ‌, وتەنها بەدەرچوونی واتاكەی وەبەدەربڕینی لەلایەن پیاوەوە كاریگەریەكانی كەڵەكەدەبیت هەركاتێك پیاوەكە لێهاتوو بوو بۆ كەوتنی تەڵاق وژنەكە شوێنی كەوتنی تەڵاقەكە بێت.

19- تەڵاقی ڕاوە ستاو

بریتیە لەو تەڵاقەی شێوازەكەی بەستراوەتەوە بەكاتێكی داهاتوو بەشێوەیەك مەبەستی تەڵاقدەر كەوتنی تەڵاقەكەی بێت لەكاتی هاتنی ئەو ماوەیە ، وەك ئەوەی پیاو بەژنەكەی بڵیت: تۆ تەڵاقدراوی بەیانی یاخود سەرەتای مانگی داهاتوو.

20- جیابوونەوە بەهۆی دەردەداری

دەردەداری خەوشێكی سێكسی یاخود نەخۆشیەكی جەستەیی گوازراوەیە بەشێوەیەك یەكێك لەهاوسەرەكان ناتوانێت لەگەڵ ئەوەی تردابژێت بەبێ‌ زیان گەیاندن لەلایەن یەكێكیان بەئەوەی تر.

21- جیاكردنەوەی دادوەری 

بریتیە لەتەڵاقدانی ژن لەمێردەكەی لەلایەن دادگاوە یاخود تەڵاقدانی ژن لەمێردەكەی لەلایەن دادوەرەوە هەرچەندە بەڕەزامەندی مێردەكەش نەبێت بەمەرجی بوونی یەكێك لەو هۆكارانەی بەیاسا دیاری كراوە بۆ ئەم مەبەستە.

22-  جیابونەوە بەهۆی زیانی خۆنەویست

مەبەست لەزیانی خۆنەویست ئەوەیە یەكێك لەهاوسەرەكان نەبۆتە هۆكاری دروست بوونی ئەو زیان گەیاندنە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یاخود بوو بێتە هۆكاری دروست بوونی ئەو زیانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەواندا ڕووئەدات وەك ئەو زیانەی سەر هەڵ ئەدات بەهۆی دەرد ونەخۆشی وئادگار ونەخۆشیە قورسەكانەوە.

23- جیابونەوە بەهۆی زیانی خۆ ویست

مەبەست لەزیانی خۆویست ئەوەیە كەسەرچاوەی دروست بوونی كارێك یاخود ووتەیەكە كە بەئارەزو و ویستی یەكێك لەهاوسەرەكان یاخود هەردووكیان ئەنجام بدرێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یاخود ببنە هۆكاری دروست بوونی جا ئەو زیانە ماددی بێت وەك ئەوەی لەئەنجامی خەرجی لێ‌ نەكردن ڕووئەدات یاخود واتایی بێت وەك ئەوەی ئافرەت بێ‌ بەش بێت لەسەرجێی هاوسەریەتی بەهۆی پێوار بوون یاخود كۆچ كردنی پیاوەكە.

24- جیابونەوەی ئارەزوو مەندانە

بریتیە لەنەهێشتنی كۆتی هاوسەرگیری بەدەربڕینی لێك جیابونەوە یاخود ئەوەی ئەو واتایە دەگەیەنێت لەبەرانبەر قەرەبوویەك كەزیاتر نەبێت لەوەی ژن وەریگرتوە لەپیاوەكەی لەمارەیی دیاریی كراو , ولەجیابوونەوەی ئارەزوو مەندانە ڕەزامەندی پیاو بەمەرج نەگیراوە ئەگەر بۆ دادوەر ڕوون بوەوە لەڕێگای ناوبژیوانانەوە كەژنەكە ناتوانێت لەگەڵ پیاوەكەدا بژێت. 

25- ماوەی چاوەڕوانی ( بێ نوێژی)

بریتیە لەو ماوەییەی ئافرەت چاوەڕوان دەكات لەدوای مردنی هاوسەرەكەی یاخود تەڵاقدانی یاخود هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری یاخود جیابوونەوە لەدوای گواستنەوە یاخود پەنهانی ڕەوا ئەو ماوەیەش جیاوازە بەجیاوازی ئافرەتەكان (مەبەست تەمەنی ئافرەتەكەیە).

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن