شەممە, 19 ئاب 2017

هاوسەرگیری و مەرجەكانی فرە ژنی

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 

                                                                   مافپەروەر:عزالدین یاسین    

هاوسەرگیری گرێبەستێكی پیرۆزە  بەڕەزامەندی هەردوولایەنی ئافرەت وپیاو دەبەسترێت بۆ دروستكردنی ژیانێكی هاوبەشی بەردەوام  بەپێی ئەو مەرجە یاساییانەی هەردوولا لەسەری ڕێك دەكەون كەپەیوەستە بەویستی خودی مرۆڤەكانەوە  , دروستكردنی خێزان وەك یەكەیەكی بنەڕەتی پێك هێنەری كۆمەڵگا لەئامانجە سەرەكیەكانی ئەم گرێبەستەیە لەلایەكی تر بەرپرسیاریەتی هاوبەش  دەخاتە ئەستۆی هەردوولا لەژیانی ڕۆژانەی نێوانیان , بەڵام هەر وەك چۆن سەرجەم گرێبەستەكانی تری خەڵك گرفتی بۆ دروست دەبێت بەهەمان شێوە  وبەجۆرێكی تر گرێبەستی هاوسەرگیری یاخود بەواتایەكی تر ژیانی هاوسەریەتی ڕوو بەڕووی  گرفت دەبێتەوە بۆیە هۆشیاری یاسایی بۆ خێزان بەگشتی وئافرەتان بەتایبەتی كارێكی پێویست وگرنگە بۆ دەستەبەری مافەكانیان،  ئەگەر پێناسەی گرێبەستی هاوسەرگیری بكەین وەك لە (ماددەی سێهەم )لەیاسای باری كەسیەتی ژمارە(188)ی ساڵی (1959) هەمواركراو هاتووە ((گرێبەستێكی ئارەزوو مەندانەیە لەنێوان پیاو وئافرەت بەهۆیەوە هەریەك بۆ ئەوەی تر حەڵاڵ دەبێت بەپێی شەرع  مەبەست لێی پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بەزەیی و بەرپرسیاریەتی هاوبەش بەپێی دادكاریەكانی ئەم یاسایە)).

خۆشەویستی و بەزەیی دووبنەمای گرنگی ئەم گرێبەستەن .

ئەوەی تێبینی كراوە لەماوەی ڕابردوو ژن هێنانی دووهەم لەهەرێمی كوردستان ڕووی لە زیادبوون كردوە ئەمە لەلایەك ژیانی هاوسەرگیری لاسەنگ دەكات ولەلایەكی تریش دەروازەیەكە بۆ دروست بوونی گرفتەكان ئەو خۆشەویستیەی بۆ هاوسەری یەكەمی هەیە وەك خۆی نامێنێتەوە  هەرچەندە ئەم هاوسەرگیریە مافێكی دەستەبەركراوی پیاوە بەگوێرەی شەرع ویاسا لەكاتی پێویست وبەپێی چەند مەرج وڕێككارێكی یاسایی وبەڕەزامەندی خێزانی یەكەمی ئەنجامی بدات بەڵام كاریگەری ولایەنە خراپەكانی هەندێك جار زیاترن وەك فەرامۆش كردنی یەكێك لەخێزانەكانی لەسەر حسابی ئەوەی تر وگرنگی نەدانی پێویست بەمناڵەكانی لەڕووی پەروەردەكردنێكی دروست بەتایبەتی ئەگەر باری دارایی باش نەبێت لەئەنجامی ئەو گرفتانەی نێوان هەردوو ژنەكە یاخود لەنێوان ژنەكان وپیاوەكە دروست دەبێت هەستی ڕق لێبونەوە وناحەزی لەلای مناڵەكان دروست دەكات لەبەرانبەر دایكی دووهەمیان یاخود باوكیان بەكاریگەری دایكیان وگرفتە خێزانیەكان  كەئەمەش هۆكارێكە بۆ دروست بوونی نەوەیەكی ناتەندروست لەكۆمەڵگا كەهاوسەرگیری دووهەم یەكێكە لەهۆكارەكانی,دیارە ئەم بۆچوونە ئاراستەیەكی گشتگیر نیە بۆ هەموو ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووهەم ئەنجام ئەدەن بەڵام بۆ زۆربەی حاڵەتەكان لەجێگای خۆیەتی , لەگەڵ ئەوەی ئەم هاوسەرگیریە ڕێگا پێ‌ دراوە بەپێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەڵام بە نەهاتنە دی تەنها یەك مەرج كەئەویش دادپەروەریە لەنێوان هەردوو هاوسەرەكە كەپێویستە پیاوە پێش ئەنجام دانی هاوسەرگیری دووهەم لەخۆی دڵنیا بێت كە ئەتوانێ‌ دادپەروەر بێت لەنێوانیان بەپێَچەوانەوە بۆی نیە ئەنجامی بدات , بۆ هۆشیاری وئاشنا بوونی زیاتری ئافرەتان بەو كارڕاییە یاساییانەی دەگیرێتە بەر مەرجە یاساییەكانی فرە ژنی دەخەینە ڕوو لەبەر ئەوەی ئەم هاوسەرگیریە بەپێچەوانەی یاساكانی بەركار لەهەرێم لەدادگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجام ئەدرێت وبۆتە كێشەیەكی یاسایی بۆیە بەپێویست دەزانرێت ڕێكخراوەكانی داكۆكی كار لەمافەكانی ئافرەتان  كار بكەن بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانەی لەدادگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبەسترێ‌ كاریان پێی نەكرێت تاكو جارێكی تر بەپێی مەرج ویاساكانی بەركار لەهەرێمی كوردستان پەسند دەكرێتەوە چونكە بەم شێوەیە گرنگیەكی ئەوتۆ بۆ یاسا هەمواركراوەكان لەهەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە نامێنێتەوە,بەپێی ئامارەكانی دادگاكان لەهەرێمی كوردستان یەكێك لەهۆكارەكانی (تەڵاق ) هاوسەرگیری دووهەمە, ,بۆیە پێویستە ئافرەتان لەم بارەیەوە هۆشیاری یاساییان هەبێت بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانیان لەكاتێك دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە , ئەم هاوسەرگیریە لەهەرێمی كوردستان مەرجدار كراوە بەپێی یاسای هەمواركردنی یاسای باری كەسیەتی ژمارە (15) ی ساڵی (2008) بەركار لەهەرێمی كوردستان لەماددەی (سێهەم) بڕگەی(2) مەرجەكانی بەم شێوەیە دیاری كراوە:   

مەرجەكانی فرە ژنی

ناكرێت هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەك ژن بكرێت تەنها بەڕەزامەندی دادوەر نەبێت وبەمەرج گیراوە بۆ پیدانی ڕەزامەندی ئەم مەرجانە بێتە دی:

أ- ڕەزامەندی هاوسەری یەكەم لەسەر ژنهێنانی مێردەكەی لەبەردەم دادگا.

ب- نەخۆشی درێژخایەنی جێگیر كە ڕێگر بێت لەسەرجێی ژن  ومێردایەتی ئەوەی  ئومێدی  چاكبوونەوەی لێ‌ نەكرێت یاخود نەزۆكی ژنەكە  جێگیربێت بە ڕاپۆرتێك لە لیژنەی پزیشكی تایبەت مەند.

ج- ئەوەی داوای هاوسەرگیری دووهەم دەكات توانای دارایی هەبێت كەبەشی بەخێوكردنی زیاتر لەیەك ژن بكات ئەبێت ئەمەش بە بەڵگەنامەی فەرمی بسەلمێنێت وپێشكەشی  دادگای بكات لەكاتی كارڕایەكانی گرێبەستی هاوسەرگیری. 

د- دەبێت مێرد بەڵێن نامەیەكی دەست نووس لەبەردەم دادگا پێشكەش بكات  بەرلەبەستنی گرێبەستی هاوسەرگیری بە بەدیهێنانی دادپەروەری ‌ویەكسانی لەنێوان هاوسەرەكان لەچوونە سەرجێی ‌وپابەندیەكانی تری هاوسەرگیریی ((ماددی ‌و واتایی)).

هـ- نابێت ئافرەتەكە ئەوەی بەمەرج گرتبێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری كە ژنی بەسەر نەیەت.

و- هەر كەسێك گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەك ئافرەت بكات بەپێچەوانەی ئەوەی ئاماژەی بۆ كراوە  لە هەریەك لە بڕگەكانی (أ، ب، ج، د، ه) لە (دووهەم) لەم ماددەیە  سزا ئەدرێت بە حەپسكردن ماوەیەك كەمتر نەبێت لەشەش مانگ ‌وزیاتر نەبێت لەساڵێك وبە پێ‌ بژاردن  كەبڕەكەی دە ملیۆن دینارە.

ز- دادوەر بۆی نیە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە ڕابگرێت  كە  لە بڕگەی (و)لە سەرەوە هاتووە. 

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن