پێنج شەممە, 29 حوزەیران 2017

شەهید لەیلا قاسم سمبولی خەبات و بەرخودان 

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 


 نەسرین حەسەن

بەیانی 13/5/2017 هاوكاتە لەگەڵ یادی 43 ساڵەی لە سێدارەدانی كچە كوردی شۆرشگێر لەیلا قاسم بۆیە بە پێویستم زانی لاپەرەیەك لە ژیانی ئەو شەهیدە سەربەرزە باس بكەم:
لەیلا قاسم" ناوی تەواوی(لەیلا قاسم حەسەن عەلی) لە قەزای خانەقین و لە گوندی ( بانمیل) لە عەشیرەتی(وندی) سەر بە پارێزگای (دیالە) لە ساڵی 1952 زائینی لە خێزانێكی هەژار و كوردپەەوەر لە دایك بووە ، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1958 چووەتە بەر خوێندن و هەر بە سروودی نیشتیمانی پەروەردە كرا و ئەو هەستە نیشتیمانپەروەرییە هەر لەو ساتەوە كاریگەرییەكی بە هێزی لە دروستبوونی كەسایەتی ئەو دادەنێت كە رێبازی "بارزانی نەمر " هەڵبژێرێت و لەو رێبازە پیرۆزەدا درێژە بە خەباتی سیاسی خۆی بدات.
"لەیلا قاسم" لە دوای دەرچوونی لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی بە دەرەجەیەكی باش لە بەشی كۆمەڵناسی لە زانكۆی بەغداد وەردەگیرێت، ،" لەیلا" لە نێو قوتابیە كوردەكانی زانكۆی بەغدا رۆلێكی كاریگەری لە وشیار كردنەوە و رێكخستنی قوتابیان هەبوو، بەو پێیەش شان بەشانی قوتابییە كوردەكان خەباتێكی بەرفراوانی بەڕێوە بردووە، دژی نایەكسانی پیاو و ئافرەت، هەروەها بۆ ماوەی چوار ساڵ لە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری كردووە و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لە ناو حیزبدا بە تەواوی پشتی پێ‌ بەستراوە. و لە ساڵی 1974 بووە بە ئەندامی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ، بەڵام گەڕایەوە بۆ بەغدا و درێژەی بە شۆڕش و خەباتی سیاسی كرد. هەر ئەو ساڵەش لە لایەن رژێمی بەعسەوە لەگەل هاوڕێیەكانی دەستگیر دەكرێت ، و بە دڕندانەترین شێوە سزا دەدرێت ، تا ئەو كاتەی كە هەر دوو چاوی بە حەربە دەدەهێنن بۆ ئەوەی نهێنییەكانی حیزب ئاشكرا بكات، بەڵام لەو كارەدا سەركەوتوو نابن و "لەیلا" زۆر بوێرانە رووبەڕوویان دەبێتەوە و بێ‌ ئەوەی نهێنییەك ئاشكرا بكات ، پێیان دەڵێ‌"كوردستان زۆر گەورەترە لە روحم و چاوم، بریا سەد چاوی ترم هەبوایە تا پێشكەشی كورد و كوردستانم بكردبا"
هەڵوێستە مەزن و بوێرییەكەی شەهید "لەیلا قاسم" لەو ساتە سەختە سیاسییەی ئەو كاتەدا نموونەیەكی بەرزی وەفادار ی بۆ نەتەوەكەی و لە هەمان كاتدا سەلماندنی دڵسۆزی خۆی بە رێبازە پیرۆزەكەی (بارزانی نەمر) بوو.لەوەی كە تەمەنی گەنجیەتی خۆی پێشكەش بە كورد و كوردستان بكات ...
بەر لە سێداردانی داوای جلی كوردی لە ماڵەوە دەكات بۆ ئەوەی بە جلی كوردییەوە لە سێدارە بدرێت و له 12/5/1974 لە سێدارە درا و شەهید بوو و وەك خۆی بە خوشكەكەی دەڵێ‌: "خوشكە گیان دوای رۆژێكی تر دەبمە بووكی كوردستان و دەچمەوە ناو باوەشی كوردستان و خۆشەویستیم بۆ كوردستان سنووری نییە، و بە خۆشحاڵیەوە جەستەی خۆم پێشكەش دەكەم و داوا دەكەم ئاڵای كوردستانم بۆ بكەن بە كفن و بە ئاڵای كوردستان بمنێژن و لە بڕی گریان و شین دەنگی من بگەیەننە سەركردەی لێهاتوو (مستەفا بارزانی)

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن