پێنج شەممە, 17 ئاب 2017

ڕیفراندۆم بۆ چارەنوسی گەلێك

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 


د.ڤیان سلێمان
لە پاش كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و لەوەتەی، كە دەوڵەتێك بە ناوی عێراق دروستكراوە بۆ نەتەوەكانی نیشتەجێی هیچ كات ئەم وڵاتە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوەو وڵاتێك نەبووە گوزارشت لە سەرجەم دانیشتوانەكەی بكات بە یەكسانی، لەم چوارچێوەیەشدا پشكی سەرەكی پەراوێزخستن و قوربانیبون بەر كوردو كوردستانیان كەوتووە، و بە شێوەیەك لە ئێستادا ئاسۆیەك بۆ مانەوەو پێكەوەژیان لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بۆ كورد نەماوەتەوەو،هەلومەرجەكە وا پێویستی دەكرد كە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسی چارەنووسساز بدات، كە دواجار سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و بەشداری و پشتیوانی زۆرینەی هێزە سیاسیەكان و نوێنەرانی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی كوردستان لە بڕیارێكی مێژوویدا رێكەوتی 25/9 دەستنیشان كرد بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بریاردان لە جیابونەوە لە عێراق و گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ریفراندۆم وەك رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلایكردنەوەی پرسێكی دیاریكراو پەنای بۆ دەبرێت، چەمكی ریفراندۆم و كرۆكی ئەم چەمكە دیوێكی هەرە روون و ئاشكرای دیموكراسیەو سەرپشككردنی ئەو دانیشتوانەیە كە سنوری ریفراندۆمەكە دەیانگرێتەوە لە بریاردان بۆ پرسێكی هەستیار و گرنگ سیاسی بێت یان ئابوری یاخود كۆمەڵایەتی تایبەت بە هەرێم یاخود وڵاتەكەیان، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان واتە پرس و ڕا بە كوردستانیان بۆ دوو بژاردە كە ئەوانیش ڕازی بوون بە مانەوە بەم بارودۆخەی ئێستاو مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا یاخود جیابونەوە لە عێراق و دەربرینی خواست و ئارەزوو بۆ سەربەخۆیی، ئەم ریفراندۆمە بۆ دانیشتوانی كوردستانەو خودی كوردستانیانن كە بریار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن،واتە گرنگیەكی بەرچاوی ئەم پرۆسەیە بە یاسایی كردن و بە جەماوەری كردنی خواستی گشتی كوردستانیانە بۆ جیابونەوە لە عێراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
ئەم قۆناغەی كە گەلی كوردستان پێیگەیشتوەو، بریاردان لەسەر ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بڕیارێك نیە بە ئاسانی و لە خۆیەوە بەرهەم هاتبێ، بەڵكو ئەم بڕیارە بەرهەمی سەد ساڵ خەبات و خوێنی شەهیدو مێژوویەكی پر سەروەری و قوربانیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستانە، كە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوەو، چەندین دەسكەوتی مێژویی تۆمار كردووە، بەڵام لێرەدا و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە بڕیاری ئەنجام دانی ریفراندۆم خاڵی وەرچەرخان و سەرەتای سەركەوتنی یەكجارەكیە بۆ ئەم بزاڤەو ئامانجە سەرەكی و لە مێژینەكەی، كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە،بۆیە كوردستان بە هەموو هاونیشتیمانیانی و هێزە سیاسی و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانیەوە لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیەكی مێژوویدایەو پێویستە بە هەموو توانایەكەوە كار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بكرێ و وەك بەرزترین سەروەری لێی بڕوانرێت.
لەلایەكی دیكەوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تەنها بۆ مەبەستێكی ئانی و كاتی نییە، بەڵكو بۆ داهاتوی ئەم خاكەیەو، پرۆسەیەك نییە تایبەت بە دیاریكردنی پارت و كەسانێك بۆ بەریوەبردنی وڵات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، بەڵكو ئەم پرۆسەیە بۆ دیاریكردنی سەرجەم چارەنوس و داهاتوی ئەم نیشتیمانەیەو، بۆ سەربەخۆیی وڵاتێكە بە ناوی كوردستان بە هەموو جۆراوجۆریە ئاینی و نەتەوەیی و سیاسیەكانیەوەو، دورە لەهەر مەبەست و بەرژەوەندیەكی خودی و حیزبی، بەڵكو كۆكردنەوەی هەموو كوردستانیانەو گەیاندنی كاروانی كوردایەتیە بە جێگەی شیاوی خۆی، هەر بۆیە ئەوپەڕی هەست نەكردنە بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی هێزێك هەبێت بانگەشە دژی ریفراندۆم و گومان خستنەسەر ئامانجەكانی و جاڕدان بۆ مانەوە لە نێو عێراق دا بكات و هانی كۆمەڵگە بدات دژ بەم پرۆسەیە، چونكە بەم كارەی بەگژ مێژووی كوردستان و قوربانیدانی و سەرجەم سەروەریەكانیدا دەچێتەوە.
وەك تاكێكی كوردستانی هیوا ناخوازم هیچ هێزێكی كوردستانی خۆی بخاتە بەردەم ئەم بەرپرسیاریەتە مێژوییەو بەو ئومێدەم كە هەموو كوردستانیان لەم وێستگە مێژوییەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەماندا هاوئامانج و هاورێگا و شەرەفمەند بێ بە بەشداریكردن لەم ئەركە پیرۆز و تاقیكردنەوە نەتەوەیی و نیشتیمانیەو و هاوكاربێ لە سەر كەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ بە جیابونەوە لە عێراقی عەرەبی و بڕیاردان لە سەربەخۆیی بۆ كوردستان و، بونیاد نانی دەوڵەتی كوردستانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان و دەنگ بیستراو و لە نێوەندە جیهانیەكان .
ئەو بابەتە لە رۆژنامەی ئەمڕۆی هەولێر بڵاو كرداوەتەوە

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن