پێنج شەممە, 29 حوزەیران 2017

پەروەردە كردنی منداڵ لە تەمەنی بچووكیدا

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 

ئەم تەمەنە لە دوو قۆناغی گرینگ پێك دێت كە پێویستە دایك و باوك زانیارییان  لەبارەی پەروەردەی منداڵ هەبێت.

قۆناغی یەكەم: 

- قۆناغی یەكەم كە پێی دەڵێن قۆناغی ساوایی ، ئەو قۆناغە بەردەوامە تا تەمەنی دووساڵی ، لەو تەمەنەدا منداڵ بە خێرایی لە لایەنی جەستەیی گەشە دەكات ، كە لە جووڵە و هەڵسووكەوتی دەردەكەوێت ، وەك دانیشتن و راوەستان و گاۆگۆڵە كردن و رۆیشتن، لەم قۆناغەشدا دەبێت بایەخ بە لایەنی فیكركردن و شارەزایی لە ژیان بكرێت، هەروەها پاراستنی منداڵ لە نەخۆشی و ئازاردانی خۆی بە هۆی زۆری جوڵانی، بەڵام لەم قۆناغەدا پێدانی ئازادی بۆ منداڵ لە كاتی جووڵاندا دەبێت لە ژێر چاودێری دابێت، چونكە منداڵ لەو قۆناغەدا زۆر دەجووڵێتەوە و دەست بزێو دەبێت و دەست بۆ هەموو شتەكانی دەورووبەری دەبات و رەنگە شتی بچووك بۆ دەمی بەرێت ، زۆر پێویستە لەو قۆناغەدا منداڵ هانبدرێت كە پشت بە خۆی ببەستێت ، لە جلوبەرگ لە بەركردن و نان خواردن، بەڵام نابێ‌ پەلە لە منداڵ بكەین بۆ كۆنترۆڵكردنی لە خۆپیسكردن، هەروەها نابێت پەلە لە منداڵ بكرێت بۆ دانیشتن و رۆیشتن ، باشتر وایە دایك شیری خۆی بە منداڵ بدات ، بەڵام ئەگەر نەتوانێت لە بەر هۆیەكی تەندروستی پەنا بەر شیری دایك بەرێـت لەوكاتەوە دەبێت منداڵەكەی زۆر لە خۆی نزیك بكاتەوە و یاری لەگەڵدا بكات تاوەكو منداڵ هەست بە سۆزی دایكەكە بكات.

قۆناغی دووەم:

- لەو تەمەنەدا كە قۆناغی سەرەتاییە ، ئەویش لە تەمەنی دووساڵی تا شەش ساڵی دەست پێدەكات، منداڵ لەو قۆناغەدا هەر بەردەوامە لە گەشە كردن و كۆنترۆڵی خۆپیسكردن دەست پێدەكات, هەروەها ئارەزووی لە جووڵانەوەیە  بە مەبەستی شارەزابوون لە دەورووبەری خۆی، ئەم قۆناغەش ززۆر گرنگە بۆ پێگەیاندنی كەسایەتی منداڵ بە بیرورای زانای دەروونناس "فرۆید" كە ئاماژەی بەوەی كردووە، كە ئەو شارەزاییانەی منداڵ وەریدەگرێت لە كاتی لەدایكبوون تاتەمەنی شەش ساڵی كاریگەری بە سەر كەسایەتی منداڵ لە دواڕۆژی دەبێـت " لەو قۆناغەشدا دەبێـت دایك و باوك بایەخ بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵ بدەن ، بە تایبەتی قۆناغەكانی كوتانی منداڵ بە مەبەستی رەچاوگرتنی باری تەندروستی ، هەندێك لە دایك و باوكان زۆر جار  لە بینینی منداڵەكەیان كە گەورەترە دەترسن ، بەڵام ئەمە شتێكی ئاساییە ، هەروەها دەبێ‌ تێبینی لایەنی هەستی منداڵ بكەین ، بۆ مەبەستی دیاریكردنی كەموكوڕی لە لایەنی تەندروستی و بایەخدان بە گێڕانەوەی چیرۆك بۆ منداڵ و فێركردنی وشەی راستی بە منداڵ و پاراستنی لە وشەی ناشیرین و جوین  ، سەرەڕای ئەمەش كەلەپەلی دەرمان دەبێ‌ لە بەر دەستی منداڵ دوور بیت ، بۆ ئەوەی منداڵ دەستی نەگاتێ‌، لەو قۆناغەدا نابێ‌ پەلە لە منداڵ بكرێت ، بۆ خوێندن و نووسین ، بەڵكو زیاتر بایەخ بە یاریكردنی مندالً بدرێت،و پێداویستی یاریكردنی بۆ دابین بكرێت، كە بە كۆمەڵ یاری بكات، ئەگەركەسی لە لا  نەبوو لەگەڵ دایك و باوكی یاری بكات، بەڵام باشترە هاوڕێی خۆی بێت، پێویستە منداڵ فێر بكرێت چۆن كۆنترۆڵی هەڵچوونی خۆی بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە باروودۆخێكی ئارامی بۆ دابین بكرێت و شێوەی مامەڵەكردنیشی لەگەڵ منداڵ كە پێویستە پڕبێت لە خۆشەویستی تاوەكوو متمانەی بە خۆی و دایك و باوكی بێت.

-

دالیا دەشتی(پسپۆری دەروونناسی)

سەرچاوە: گۆڤاری وێ‌

                                                                                            

 

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن