یەک شەممە, 24 ئەیلول 2017

هەڵەكانی دایك و باوك لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر: 0 / 5

Star InactiveStar InactiveStar InactiveStar InactiveStar Inactive
 


پرۆفیسۆر د.كەریم شەریف قەرەچەتانی
پێویستە دایك و باوك ئەوەندە شارەزاییان هەبێت كە بتوانن بە شێوەیەكی باش و لەسەر بنەمای زانستیی منداڵەكانیان پەروەردە بكەن و نەكەونە هەڵەوەو كەسێتی و رەفتاری منداڵەكانیان نەشێوێنن، دەبێت ئەو راستییە بزانن كە زۆربەی كەم و كورتی و كێشەكانی منداڵ بۆ دایك و باوكیان دەگەڕێتەوە، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە دایك و باوك رقیان لەمنداڵەكانیانە یان خۆیان خراپن، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە ئەو دایك و باوكانە شێوازی پەروەردەی دروست نازانن، لەهەمان كاتیشدا بە دوای هۆكارو سەرچاوەی رەفتارە نادروستەكانی منداڵەكانیاندا ناگەڕێن و نازانن كە لەدوای هەموو رەفتارێكی نادروستی منداڵەوە چەندەها هۆكار هەیە ئینجا ئەگەر بمانەوێت لەو رەفتارە هەڵەو نادروستانە رزگارمان بێت ئەوا پێویستە یەكەمجار هۆكارەكان بزانین و دواتر هەوڵی چارەسەركردنیان بدەین.
بۆ ئەوەی دایك و باوك لەو شێوازو رەفتارە هەڵانەی كە زیان بە كەسێتی منداڵەكانیان دەگەیەنێ دووربكەونەوە، وا لەخوارەوە كۆمەڵێك رێنمایی و نموونەی واقیعی پێشكەش بە دایك و باوكان دەكەین بۆ ئەوەی نەكەونە ناو ئەو جۆرە هەڵانەوە، كە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:
هەر كە گریا ئەوا لەباوەشی دەكەن
شتێكی ئاساییە كە منداڵی شیرەخۆر بگریاو هات و هاوار بكات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە هەر كە دەستی بە گریان كرد یەكسەر لە باوەش بكرێت و ئەم سەرو ئەوسەری ماڵی پێبكرێت، رەفتاری دروست و راستی دایك و باوك ئەوەیە كە پێش ئەوەی لە باوەش بكرێت بە دوای هۆكاری گریانەكەیدا بگەڕێن، واتە بزانن بۆچی ئەم منداڵە شیرەخۆرە دەگری ؟ (ئایا برسیەتی یان ئازاری هەیەو نەخۆشە ؟ یان سكی بای كردووەو پێچ بە ریخۆڵەكانیدا دێت؟ یان خۆی تەڕكردووە.....هتد) ؟ هەركامێك لەو هۆكارانەی هەیە ئەوە چارەسەری هۆكارەكە دەكرێت، واتە (ئەگەر برسیەتی شیری پێدەدری یان ئەگەر خۆی تەڕكردووە ئەوا دەبێت جلەكانی بگۆڕدرێت ....هتد) .
ئەگەر هیچ كام لەو هۆكارانەی سەرەوەی نەبوو، ئەوا وازی لێدەهێنرێت و لە باوەش ناكرێت هەتا بۆ خۆی بێدەنگ دەبێت و ژیر دەبێتەوە، چونكە ئەگەر یەكسەر دوای هەموو گریانێك لەباوەش بكرێت و ئەم سەرو ئەو سەری پێبكرێت و لای لایەی بۆ بكرێت، ئەوا بڕوایەكی لەلا دروست دەبێت كە دوای هەموو گریان و هات و هاوارێك، خۆشیی و لەباوەشكردن و گەڕان و لای لایەیە، كە ئەو بیرو بڕوایەشی لەلا دروست بوو، ئەوا دوای چەندجار لە باوەشكردن و دووبارەكردنەوەی، دەبێت بە خوو لەلای ئەو شیرەخۆرەیەو ئیتر چارەسەركردنی زەحمەت دەبێت و هەر كە گریا ئەوا دەبێت یەكسەر لە باوەش بكرێت، ئەگەر لە باوەش نەكرا ئەوا هەر لەسەر گریان و هات و هاوار بەردەوام دەبێت و پەنا بۆ چەندەها شێوازی ناپەروەردەیی تر دەبات تا دایك و باوك و كەسانی چواردەوری ناچاردەكات، بۆ ئەوەی لەباوەشی بكەن، بەڵام ئەگەر یەكەمجار دوای گریان و هات و هاوارەكەی لەباوەش نەكرا، ئەوا دەگاتە ئەو بڕوایەی كە هات و هاوارو گریان هیچ شتێكی خۆشی لەدواوە نییەو هیچی دەست ناكەوێت، بۆیە بە ناچاری وازی لێدەهێنین و جارێكی تر دووبارەی ناكاتەوە.
تەنها لە كاتی نەخۆشی و بوونی گرفت گرنگی بە منداڵەكانیان دەدەن
هەندێكجار منداڵ یەكسەر تووشی كێشەی بە زەحمەت قسەكردن و زمان تەتەڵەكردن یان زمان گیران دەبێت، ئالەم كاتەدا بە بێ ئەوەی دایك و باوك بە دوای هۆكاری ئەو زمان گیرانەی منداڵەكەیاندا بگەڕێن، ئەوا یەكسەر بۆ لای ئەم دكتۆرو ئەو دكتۆری دەبەن و زیاد لەپێویست گرنگی پێدەدەن و هەموو خزموكەس بە چواردەوریدا دێن و دەچن، بەبێ ئەوەی منداڵەكە چاك ببێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو زمان گیرانەی بوو بە خێرو بەرەكەت بۆی و بە هۆیەوە سەرنجی هەموو كەسوكاری راكێشا، لەكاتێكدا پێش زمان گیرانەكەی كەس گرنگی پێنەدەداو پشتگوێخرابوو، ئیتر ئێستا بۆ چاك ببێتەوە ؟ چونكە چاك بوونەوەی واتە دووبارە وەك پێش زمانگیرانەكەی پشتگوێ دەخرێتەوە، باشترین مامەڵە لەو حاڵەتانەدا گەڕانە بە دوای هۆكاری ئەو زمان گیرانەی . لەوانەیە هۆكار ئەوە بێت (كە منداڵی تازە لەماڵیان لەدایكبووەو دوای لەدایكبوونی ئەو منداڵە بچكۆلە ئەم پشتگوێخراوەو كەس گرنگی پێنادات یان لەوانەیە كێشەی خێزانیی هەبێت و بەردەوام دایك و باوك شەڕیانەو ئەم منداڵە هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ دەكات و ئەو زمان گیرانەی نیشانەو هێمایەك بێت بۆ ترس و دڵەڕاوكێكانی، یان لەوانەیە هەڕەشەی لێكرابێت و لێدرابێت و ئەو زمان گیرانەی دەرئەنجامی ئەو هەڕەشەو تووندوتیژیانەیە كە بەرامبەری كراوە .....هتد).كەواتە تەنها رێگا چارەسەركردنی ئەو هۆكارانەو مامەڵەی دروستە نەك بردنی بۆلای دكتۆرو نازداریی و گرنگی پێدانی زیاد لەپێویست.
نەبوونی ئارامیی و خۆڕانەگرتن و زوو هەڵچوون وپێشبینی خێرا بۆ گۆڕینی رەفتاری نادروست
واتە هەندێك دایك و باوك كە دەبینن منداڵەكانیان هەڵەیەك دەكەن یان رەفتارێكی نادروست دەكەن ئەوا یەكسەر هەڵدەچن و پەلاماری منداڵەكانیان دەدەن و دەیانەوێت یەكسەر منداڵەكانیان واز لەو رەفتارە هەڵەیان بهێنن، كە ئەمەش مەحاڵە، لەبەرئەوەی گۆڕینی رەفتاری هەڵەو وازلێهێنانی كاتی دەوێت و هەموو منداڵێك دوای ماوەیەك ئینجا دەتوانێت واز لە رەفتارە هەڵەكانی بهێنی، بەڵام بەداخەوە زۆر لەدایك و باوكان ئەو ماوەیە چاوەڕی ناكەن و بواری پێویست بۆ منداڵەكانیان تەرخان ناكەن و هەر یەكسەر ئەیانەوێ ئەو رەفتارە هەڵانە بگۆڕن و ملكەچی داواكاریەكانیان بن، ئەگەر ملكەچ نەبوون ئەوا بە منداڵی لاسارو سەرەڕۆیان لەقەڵەم دەدەن، بۆئەوەی دایكان و باوكان نەكەونە ئەم هەڵە گەورەیەوە ئەوا دەبێت دان بە خۆیاندا بگرن و خۆڕاگرو بە ئارام بن تاوەكو كاتی پێویست لەبەردەم منداڵەكانیان دەبێت و بەتەواوی بیردەكەنەوەو دەگەنە ئەو بڕوایەی كە ئەو رەفتارەیان هەڵەیەو پێویستە وازی لێبهێنن.
چاوپۆشیكردن لەهەڵەكان و دانەنانی سنوور
زۆرجار منداڵ هەڵە دەكات و ئازاری منداڵانی تر دەدات شت دەشكێنێ رەفتاری نادروست دەكات، بەڵام گەورەكانی بێدەنگ دەبن و چاوپۆشی لێدەكەن بە بیانووی ئەوەی منداڵەو كە گەورەبوو خۆی چاك دەبێت یان گوناحە وازی لێبهێنن منداڵە با خۆی حەز لەچی دەكات بابیكات، كە ئەمە زۆر هەڵەیەو دواجار ئەو جۆرە منداڵانە سەرەڕۆ دەردەچن و ئەوان بەسەر گەورەكانیاندا زاڵ دەبن نەك گەورەكانیان بەسەرئەواندا، دوای ئەوە حەزی لەچی بوو چی ویست ئەوا دەبێت یەكسەر بۆی جێەجێبكرێت ئەگەر بۆی جێبەجێ نەكرا ئەوا ئەی كات بە رۆژی قیامەت و سەری خۆی بەدارو بەردا دەكێشێ و هاواردەكات و شت دەشكێنێ و .....هتد ، تەنانەت كاتێك دەچێتە باخچەی ساوایان یان قوتابخانە ئەوا بەهەمان شێوەی ماڵەوە زۆر رەفتاری نادروست دەكات و ئازاری منداڵانی تر دەدات.
بە بۆچوونی خۆی نابێت كەس لەدەرەوەی ماڵیش، رێگریی لێبكات و بەربەست لەبەردەم حەزوو ئارەزووە لەبن نەهاتووەكانی دابنێت، كە بێگومان لەدەرەوەی ماڵ ئەمەی بۆ ناچێتە سەرو رووبەڕووی سزاو لێپێچینەوە دەبێت كە ئەمەش وەك هێدمە(صدمە) وایە بۆ منداڵ و پێشبینی ئەوەی نەدەكرد كە یەكێك هەبێت رێگری لێبكات، ئینجا بۆئەوەی منداڵەكانمان بەو جۆرە نەبن ئەوا پێویستە هەر لەمنداڵییەوە سنوور بۆ رەفتارە هەڵەكانیان دابنرێت و بزانن چی هەڵەیەو ناتوانن بیكەن و چی راستەو دەتوانن بیكەن، دەبێت هەموو دایك و باوك و مامۆستایەك ئەو راستییە بزانێت كە منداڵ وەك شەمەندەفەر وایەو بەسەر دوو هێڵی ئاسنی هاوتەریبدا دەڕوات كە یەكێكیان سۆزو خۆشەویستییە(پاداشت) و ئەوی تریان لێپێچینەوەیە( سزا).
نادادوەری لەمامەڵە
بەداخەوە هەندێك دایك و باوك بە یەك شێوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان ناكەن و بەزۆری گرنگی بە یەكێك لەمنداڵەكان دەدەن، بەڵام بەهەمانشێوە گرنگی بەوانی تر نادەن، بۆ نموونە باوكێك بەزۆری منداڵێكی ماچ دەكات و دیاری بۆ دەكڕێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە دەرەوەو لە باوەشی دەكات ......هتد ، بە پاساوی ئەوەی كە زیاتر گوێڕایەڵەو بە قسەی دەكات و لەڕەفتاردا وەك ئەو وایەو تەنانەت جۆری خوێنەكەشی وەك ئەو وایە، بەڵام ئەوانی تر وەك ئەو گوێڕایەڵ نین و وەك ئەو بە قسەی ناكەن و رێزی ناگرن .
ئەگەر ئەم بۆچوونەی ئەو باوكە راستیش بێت هەر نابێت گرنگی بە یەكێكیان بدات و ئەوانی تر پشتگوێبخات لەبەرئەوەی هەر هەموویان منداڵی ئەون و دەبێت بە یەك چاو سەیری هەموویان بكات، لەوانەیە منداڵەكانی تر هەر لەبەرئەوە گوێڕایەڵی نەبن لەبەرئەوەی ئەوان هەستیان بەوە كردووە كە باوكیان جیاوازی لەنێوانیان دەكات و هەر گرنگی بە برا یان خوشكێكیان دەدات و گرنگی بەوان نادات، بۆیە دەبێت دایك و باوك لەكاتی پاداشت و سزای ماددی و مەعنەوی رەچاوی دادوەری بكەن و بەیەك شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو منداڵەكانیان بكەن و هیچ جیاوازییەك نەكەن ئەگینا منداڵەكانیان تووشی گرێی دەروونی قابیل یان براكانی یوسف دەبن و ئەوكاتە هەموویان رقیان لەو منداڵە دەبێت كە باوك یان دایكیان خۆشیان دەوێت و دوور نییە بە دەردەكەی هابیل یان یوسفی بەرن.
بۆخۆی حەڵاڵە بەڵام بۆ منداڵەكانی حەرامە
لەلای هەندێك دایك و باوك بانێك و دوو هەوایە، واتە خۆیان بە جۆرێك رەفتار دەكەن و بە دروستی دەزانن، بەڵام هەمان رەفتار بۆ منداڵەكانیان قەدەغەیەو نابێت بیكەن، لەكاتێكدا ئەم بیروباوەڕە هەڵەیەو منداڵەكانی ئەو جۆرە دایك و باوكانە سەریان لێدەشێوێ و نازانن بە چ جۆرێك رەفتار بكەن، دواجار لەدایك و باوكیان یاخی دەبن و ملكەچی رێنمایی و داواكاریەكانیان نابن و لەهەمانكاتیشدا لەداهاتوو متمانەیان پێناكەن، بۆ نموونە دایك و باوك لەكاتی مامەڵەی رۆژانەیان هاواردەكەن و جنێوو قسەی ناشیرین بە منداڵەكانیان دەدەن و تووندوتیژن، بەڵام كاتێك منداڵەكەیان هەمان رەفتار دەكات ئەوا لێی قبوڵ ناكەن و بە منداڵێكی سەرەڕۆو بەد رەفتاری لە قەڵەم دەدەن. لێرەدا منداڵەكانی ئەو جۆرە دایك و باوكە، تووشی سەرسوڕمان و بێبڕوایی دەبن و پرسیار دەكەن، باشە ئەگەر ئەو رەفتارەی دایك و باوكیان هەڵەیە بۆ بەو جۆرە رەفتار دەكەن؟ ئەگەر راستیشە بۆ لەمانی قبوڵ ناكەن ؟ ئینجا ئەگەر دایك و باوك دەیانەوێ جێگەی متمانەو رێزی منداڵەكانیان بن ئەوا دەبێت بەو شێوەیە رەفتار بكەن كە حەز دەكەن منداڵەكانیشیان هەر بەو شێوەیە رەفتار بكەن، هەروەها ئەو شتەی بۆخۆیان حەڵاڵە ئەوا دەبێت بۆ منداڵەكانیشیان حەڵاڵ بێت، ئەو شتەی هەڵەیەو بۆ منداڵەكانیان حەرامە ئەوا دەبێت بۆ ئەوانیش حەرام بێت و نابێت بیكەن. زۆرگرنگە دایك و باوك ئەو راستیە بزانن كە بەهاو ئەخلاق و رەفتارە جوان و ناشیرینەكان بەش بەش ناكرێن، واتە ئەگەر بەهاو رەفتارێك نادروست و قێزەونە ئەوا بۆ هەموو كەسێك و لەهەموو بۆنەیەك قێزەونە نەك بۆ ئەو قێزەون بێت و بۆ یەكێكی تر قێزەون نەبێت.
جاری وا هەیە باوك بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە ئاگر لەناوچەوانی دەبارێ و دەیكات بە هات و هاوارو هەڕەشە لێكردن و تەنانەت پەلاماردانی منداڵەكانی، بەڵام لەهەمانكاتدا مۆبایلەكەی زەنگ لێدەدات و هاوڕێیەكی پەیوەندی پێوە دەكات ، ئا لەم كاتەدا بەو پەڕی خۆشەویستی و رێزو هێمنییەوە قسە لەگەڵ هاوڕێكەی دەكات و شەكر لەدەمی دەبارێ، وەك ئەوەی ئەم ئەو كەسەی پێش كەمێك نەبێت كە بە نەڕەنەڕو هات و هاوارو گرژو مۆنی هاتبێتە ژوورەوە. باشە ئەگەر توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ هاوڕێكەی بەو هێمنی و رێزو خۆشەویستییەوە قسەبكات ئەی بۆ بەو شێوەش قسە لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانی ناكات، باشە هاوسەرو منداڵەكانی گرنگترن یان هاوڕێكەی؟ تەنها ئەتوانین بەو جۆرە باوكە بڵێین خودا بناسەو كەمێك ویژدانت هەبێت و ئەوەندەی رێز بۆ هاوڕێكان و كەسانی دەرەوەوی ماڵ، دادەنێیت ئەوەندەش رێزو خۆشەویستی بۆ هاوسەرو جگەرگۆشەكانت دابنێ و كۆنتڕۆڵی خۆت بكەو ماڵەكەت مەكە بە دۆزەخ و لە هەموو بارودۆخێكدا بە هەمان شێوە رەفتار بكە.
گەورە قسەی كرد دەبێت منداڵ بێدەنگ بێت
هەندێك دایك و باوك بۆچوونی هەڵەیان دەربارەی جیهانی منداڵ هەیەو زۆر بە چاوی نزمەوە سەیری دەكەن و وا دەزانن منداڵ هیچ نازانێت و نابێت لەكاتی ئامادەبوون و قسەكردنی كەسانی گەورە ئەوان قسە بكەن، وەك ئەوەی منداڵ توانای قسەكردنی نەبێت، بێگومان ئەم بۆچوونە راست نییەو زۆرجار منداڵ قسەی زۆر قەشەنگ دەكات، ئەی كوردەواری خۆمان ناڵێت (قسە لە شێت یان منداڵ )، واتە هەموو كەسێك تەنانەت ئەوانەش كە تووشی نەخۆشی دەروونی و عەقڵی بوون یان منداڵن، بە پێی تواناو ئاستی رۆشنبیری خۆی قسەی خۆی هەیەو مافی رادەربڕینی هەیە.
نابێت دایك و باوك ئەو راستیەیان لەبیر بچێت كە یەكێك لە مافەكانی منداڵ مافی رادەربڕینە، ئەی ئەگەر منداڵ لەكاتی ئامادەبوونی دایك و باوك و گەورەكان قسە نەكات، ئەی چ كاتێك قسەبكات؟ ئەی مافی منداڵ نییە راوبۆچوونی خۆی دەربارەی ئەو بڕیارانەی كە پەیوەستن بە چارەنووسی ئەو یان ئەو یاری و كەلوپەلانەی كە بۆی كڕدراوە یان بۆی دەكڕدرێت دەرببڕێ؟ بێگومان بەڵێ و هەزارجار بەڵێ هەموو ئەمانە مافی منداڵن و بۆ هیچ كەسێك نییە كە بەربەستیان لەبەردەم دابنێ و منداڵیان لێ بێبەش بكات.
ئەگەر پاساوو بیانووی دایك و باوك و گەورەكان ئەوەبێت كە لەوانەیە منداڵ لەكاتی قسەكردنی لەبەردەم گەورەكان، بكەوێتە هەڵەوەو تووشی شەرمەزاریی ببن، ئەمەش لەجێگای خۆیدا نییەو شتێكی ئاساییە مرۆڤ گەورە بێت یان بچووك هەڵەبكات، لەبەرئەوەی هەموو كەس هەڵەدەكات، ئینجا ئەگەر منداڵ بێت ئەوە شتەكە هەر زۆر ئاساییە لەبەرئەوەی منداڵ لەقۆناغێكدایە كە بەردەوام لە هەوڵی فێربووندایە، مرۆڤ ئەگەر هەڵە نەكات ئەوە هیچ شتێك فێرنابێت، ئەی ئەوە نییە هەموو زاناكان لەكاتی بەئاكام گەیاندنی لێكۆڵینەوەكانیان و گەڕان بەدوای راستیەكاندا تا دەگەنە دەرئەنجامێكی راست، دەیان و بگرە سەدان جار هەڵە دەكەن، لەبەرئەوە دەبێت دایك و باوك واز لەو بیروبۆچوونە هەڵەیان بهێنن و رێگە بە منداڵەكانیان بدەن بچنە ناو كۆڕو كۆبوونەوەی گەورەكان و بواری قسەكردنیان بدرێتی، بۆ ئەوەی گوزارشت لەڕاوبۆچوونی خۆیان بكەن و لەكاتی هەڵەكردنیان، هەڵەكانیان بۆ راست بكرێتەوەو پاداشتی قسەو رەفتارە دروستەكانیشی بكرێت، لەلایەكی تریشەوە لەهەمان كاتدا با لەڕێگای لاسایكردنەوەی گەورەكان زۆر رەفتارو بەهای ئەخلاقی جوان فێرببن، بێگومان بواردان بە منداڵ بۆ ئەوەی تێكەڵ بە گەورەكان ببێت و گوزارشت لەڕاو بۆچوونەكانی خۆی بكات، یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی بڕوا بەخۆبوونی منداڵ و سەربەخۆیی و پشت بەستن بەخۆی.

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن