پێنج شەممە, 29 حوزەیران 2017

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پرۆژه‌ی هاوكاریی پێشكه‌شی به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم ده‌كات

ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و  بەڕێوەبەری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە چوو لەسەر چۆنیەتی خزمەتگوزاری چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی بەندییەكان و مافی مرۆڤ لەو چاكسازیانەدا.
 
محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەسەر ڕەوشی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا لەگەڵ فرانسكۆ مۆتا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) و خاتوو ڕوەیدا الحاج سەرۆكی نووسینگەی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان.
 
هاودیانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە كۆبوونەوەكە دا باسی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناو چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان كرا كە شەش چاكسازیی گەوران و ژنان و منداڵانە لە كوردستان دا و ئەوان گلەیی ئەوەیان هەبوو كە نەوجەوانانی كەیسی تیرۆر زۆر دەمێننەوە بە ڕاگیراوی و درەنگ دادگایی دەكرێن ئێمەش لای خۆمانەوە ئەنجوومەنی دادوەری و دەزگاكانی تەناهیمان لە كوردستان لەو لایەنەوە ئاگادار كردۆدتەوە.
 
هاودیانی زیاتر گوتی، بۆ بە جینۆساید ناساندنی كەیسی ئەشكەنجە و ئازاری ژنان و منداڵانی ئێزیدی داوامان لێ‌ كردن كە ئەم كەیسە لە دادگای نێودەوڵەتی یەكلایی بكەنەوە و بە جینۆساید بناسێنن، چونكە متمانەمان بە دادگاكانی عێراق نیە.
 
وەزیری كارو كاروباری كۆمەلایەتی حكوومەتی هەرێم له‌ درێژی قسه‌كانی دا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، لە كۆبوونەوەی داهاتوو وردی باسی جۆر و شێوەی هاوكاریەكە دەكەین لەگەڵ یۆنامی لە بواری تەواوكردنی پڕۆژەكان و خزمەتگوزاری ناو چاكسازیەكان لە بواری خواردن و جل و بەرگ و كردنەوەی ژووری تایبەت بۆ خلوەی شەرعی بۆ بەندییەكان و خولی شیاندن و هۆشیاركردنەوە و ئاشت بوونەوەی بەندییەكان لەگەڵ ژیان و خێزان و كۆمەڵگەدا.

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن