سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

تێکۆشان بۆ ئازادی بە بێ ژنان

عەلی عەونی
ژن هەڵگری فەرهەنگ و بیردانی جڤاکە . بوون و مانەوی چارز و کولتوری کۆمەڵگا لە ئەستۆی ژناندایە بە پلەی یەکەم . ژن و ڕەگەزی مێ نیوەی جڤاک پێک دێنن . نیوەکەی دیکە تەمەنی چارەنوسساز و بناغەی خۆی لە بەر دەست و لە ناو کۆششی ژندا دەست پێدەکەن .
ژنانی زانا و هوشیار کۆمەڵگایەکی هوشیار و زانا بەرهەم دێنن . ژنانی ئازاد و ئازا نڤشێکی ئازادیخواز و بوێر پێدەگەیەنن . کۆمەڵگای کوردستان بە پشتگوێ خستنی نیوەی جڤاک کە ئافرەتانن، لە ڕاستی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی خۆی دوو قات دوور کردووە . ئەم جڤاکە بە ڕێگا پێنەدان بە ژنان بۆ هاتنە مەیدانی کار و خەبات، باری خۆی قورس کردووە . پیاوان پێویستیان بە هێزێکی دوو قات هەیە . پیاوان بە تەنیا دەرەقەت ناهێن بە گەیاندنی تێکۆشانی کوردستان بۆ سەر مەنزڵ، ئێمە لە ڕاستیدا پێویستمان بەوەیە کە گرنگیەکی لە ڕادە بەدەر بدەین بە هاتنە مەیدانی ژنان، ڕێگایان بۆ بکەینەوە تا لە ئامادەیی ڕواڵەتی و جەستەیی بۆ جوانکردنی ڕوخساری کۆمەڵگای پیاو سالاری، بەشداری و ئامادەیی ئافرەت ئامادەییەکی ڕاستەقینە بێت . بەو شێوەیە ڕێگای ڕزگاری نیوە دەبێت، ئەرکی سەر شانی پیاو سوکتر دەبێت .
وەختە بڵێم پێویستە حکومەتی کوردستان و هەموو پیاوانی کوردستان، هەموو کار و تێکۆشانی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا ڕابگرن و فۆکەس بکەنە سەر بار و دۆخی ژنان لە کوردستان . هەموو کاری حکومەت و خزمەتگوزاری حکومەت ببێتە دانانی بەرنامە بۆ ئازاد کردن و ڕۆشنبیر کردن و ئازا و بوێر کردنی ئافرەتانی کوردستان .
بەرنامەی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ببێتە تێکۆشان بۆ ئەوەی کار لەسەر پیاوان بکەن بۆ ڕازی بوون بە ئازادی و هاتنە پێشەوی ژنان .
ئەو کۆمەڵگایانەی ژنانیان ئازا و نەترسن، پیاوانیان دوو هێندە ئازاتر و فیداکار ترن، چونکە لە کۆش دایکێکی ئازا و نەترسدا پەروەردە کراون .
هەتا ئاستی ڕۆشنبیری ژنانی کۆمەڵگاکەمان بەرزتر بێت، پیاوانی ئەو کۆمەڵگایە لە شتی پڕوپووچ و خورافات دوور و لە داهێنان و هزر و پێشکەوتن نزیکن.
حکومەتی کوردستان و کۆمەڵگای کوردستانیش لە بواری مافی ئافرەتان خاڵی جیاواز و گەش هەن، بەڵام ئەم کرانەوەیە زۆر ڕیشەیی و کلتوری نیە . دەبێت قبوڵ کردنی ئافرەت بۆ هاتنە مەیدان تەنیا پەیوەست نەبێت بە یاسا و هێزی حکومەت، بەڵکو دەبێت ئازادی و ڕۆشنبیری و بەشداری ئافرەت لە لای پیاوەکان ببێتە کلتور و داب و نەریت .
پەرەسەندن و بڵاو بوونەوەی هزری توند ڕۆیی ئیسلامی بووەتە هۆکار، دواکەوتوویی و بێبەشی ئافرەتان قوڵتر ببێت . ئێستاش زۆر یاسا پێویستن بۆ کردنەوەی ڕێگا لە بەردەم ژناندا بۆ هاتنە پێشەوە .
دواکەوتوویی و نا ڕۆشنبیری پیاوان لە جڤاکی کوردستاندا، هۆکارەکەی مەحرووم بوونی ئافرەتانە لە ڕۆشنبیری و ئازادی .
ئێمە هەر لەو کاتەیدا کە لە تێکۆشانداین بۆ ئازادی کوردستان و شەڕ دەکەین لە دژی داگیر کەران، پێویستە بە هەمان ئاست تێبکۆشین بۆ ئازادی ژنان و ڕۆشنبیر کردنیان . هەر کاتێک بووینە خاوەن کۆمەڵگایەکی ئافرەتانەی ڕۆشنبیر و ئازادیخوازی بوێر، ئەو کاتە ڕێگای ئازادیمان کورتتر دەبێت، ئەرکی پیاوان سووکتر دەبێت . چونکە ئەو دایکانە نەوەیەکی بوێر و ئازاد و ئازا پێدەگەیەنن .
لەو شوێنانەی کە ژنان بەڕێوەبەر و بەرپرسن، یاخود کارمەندی ژن زۆرینەن، دەستپاکی، ملکەچی بە کار و ئەرک و ورد بینی و ڕێک و پێکی لەو دەزگایە زۆرترە . ئەو دەزگایانە لە ڕووی دەنگە دەنگ هێمنترن و کار ئاسانی بۆ ڕاپەڕاندنی کاری خەڵک زیاترە و گەندەڵی تێدا زۆر کەمترە.
ئافرەتانی کوردستان دوو جار چەوساوەن، جارێک لە ڕووی نەتەوەییەوە لە لایەن داگیرکەرانەوە دەچەوسێنرێن و جارێک لە لایەن کۆمەڵگای پیاو سالارەوە ستەمیان لێ دەکرێت .
دایکانی ئێمە پێشتر ئازایەتی و بوێری خۆیان سەلماندووە، لە کاتی شۆڕشدا هەم ئەرکی دایکایەتییان جێ بە جێ دەکرد و هەم بۆشایی باوکیان پڕ دەکرد، بەڵام ئەم ئازایەتییە تێکەڵ بە ڕۆشنبیری نەکرا و وەک هەستێکی خۆرسک مایەوە .
ئەگەر ئەو فیداکارییەی دایکان پەلی بهاویشتایە بۆ پێگەیاندنی پیاوان ئەو کاتە ئەرکی شۆڕشگێڕان سوکتر دەبوو . نیوەی کۆمەڵگا غایب بێت نیوەکەی دیکەش ناکۆک و نا ڕێک بێت، لە ڕاستیدا دەکاتە ئەوەی چارەگێکی کۆمەڵگا هەوڵی ڕزگارکردنی سێ چارەگی دیکە بدات، ئەمەش زۆر قورسە .
یارمەتیدانی ئافرەتان و پێگەیاندنیان و دانانی یاسای هاوکار بۆ ئافرەتان، ڕەخساندنی دەرفەتی ژیان و ئابوری بۆیان، هیچی کەمتر نیە لە خەبات دژی داگیر کەران بۆ ڕزگاری کوردستان .

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن