سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

دەنگدان بە نەخێر، دەرەنجامەكەی ژێردەستی دەبێت

سازان وه‌هاب
25ی ئه‌یلولی 2017 خه‌ڵكی كوردستان به‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ده‌نگی به‌ڵێ بۆ(سه‌ربه‌خۆیی) و(نه‌خێر بۆ ژێرده‌سته‌یی) مێژوویه‌كی تر له‌ عێراق دروست بكه‌ن، به‌ رازی نه‌بوون به‌ ژێرده‌سته‌یی، ئه‌و رۆژه‌ له‌ رۆژمێریی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌بێته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می(سه‌ربه‌خۆ بوون) و ئیتر ئیراده‌ی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ویسته‌ی میلله‌ت ده‌بێته‌ ئه‌ركێكی سه‌خت له‌سه‌ر شانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان.ئافره‌تی كورد به‌قه‌ده‌ر ئیمكانیه‌تی خۆی و به‌پێی قۆناغی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی رۆڵیان هه‌بووه‌ و توانیویانه‌ شان به‌شانی پێشمه‌رگه‌ به‌شێك بن له‌سه‌روه‌رییه‌كان و پشكدار بن له‌ شانازییه‌كان.رۆژی 25-9-2017 كه‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێ، ئه‌ركی ئافره‌تانه‌ به‌ ده‌نگێكی دلێر به‌(به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و نه‌خێر بۆ ژێرده‌سته‌یی) ره‌تی بكه‌نه‌وه‌ له‌ سایه ی وڵاتێك بژین جگه‌ له‌ زوڵمی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، باجی كلتور و فه‌رهه‌نگه‌ پڕ له‌ توندوتیژیی و رێزنه‌گرتن له‌ به‌های ئافره‌ت بوونی عه‌ره‌ب ره‌ت بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و زوڵمانه‌ی له‌ سایەی په‌ره‌سه‌ندن و زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی به‌سه‌ریدا هاتووه‌ به‌(به‌ڵێ)یه‌ك بیسڕێته‌وه‌.كاتێك ئافره‌تی كورد ده‌چێته‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، ته‌نیا بیر له‌سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو ئاوڕێكی خێرا بداته‌وه‌ له‌و مێژووییه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی چه‌شتویه‌تی، بیر بكاته‌وه‌، چۆن رۆڵه‌كانیان له‌ زیندان له‌ سێداره‌ ده‌دران، بیر بكاته‌وه‌ چۆن له‌ پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال ژێرخاك كران و كچۆڵه‌كان بفرۆشرانه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، چۆن دایك و كۆرپه‌كانیان له‌ باوه‌شی یه‌ك به‌ چه‌كی كیمیاوی قه‌ده‌غه‌كراو شه‌هید ده‌كرد، بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ چۆن وه‌ك كه‌نیزه‌ گروپی تیرۆریستی داعش كچانی كوردیان ده‌فرۆشت و بێڕێزیان به‌رامبه‌ر ده‌كرد. ئه‌م رووداوانه‌ ده‌بێت زیاتر له‌ پیاوان هانی ئافره‌تی كورد بدات، نه‌خێرێك بۆ مانه‌وه‌ له‌ عێراق پێشكه‌ش بكه‌ن و (به‌ڵێ)ێك ببه‌خشن به‌ ئاینده‌یه‌كی سه‌ربه‌ستانه‌ و دوور له‌ زوڵمی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی و كلتور و فه‌رهه‌نگی سه‌پێندراوی عه‌ره‌بی به‌سه‌ریاندا.
ئەو بابەتە لە ژمارە 2 بلاوكراوەی "بەلی" كە تاببەتە بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن