سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

ریفراندۆم پرسێكی چاره‌نوسسازه‌

سنوبەر سابیر
ریفراندۆم وەك بابەتێكی گرنگ و پرسێكی چارەنوسساز لەسەر ئایندەی كوردستان بۆتە جێی بایەخی كوردستانیان و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان، پرسێكی نیشتیمانی و خاڵی یەكلاكەرەوەی ئایندەی گەلەكەمانە كە پێویستە سەرجەم لایەن و چین و توێژەكان لە گرنگی ئەم پرسە چارەنوسسازە بگەن و هەوڵی بۆ بدەن چونكە ئێستا زەمینە لەبارە كە هەنگاو بنرێت و هەوڵی سەربەخۆی كوردستان بدرێت، ئەو كوردستانەی كە ساڵەها ساڵە خەبات و قوربانی دەدات تا بە ئامانجی سەربەخۆیی بگات ببێتە دەوڵەت و كیانێكی سیاسی و یاسایی و دەستوری هەبێت بۆ ئەم ئامانجەش پێویستە تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایە و خێزان بە خێزان و سەرجەم لایەنە سیاسیەكان هەوڵ بدەن تا زۆرترین تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە بە(بەلێ‌) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن دیارە ڕۆلی ئافرەتانی كوردستان لەم پرسە ڕۆلێكی گرنگ و دیار دەبێت ئەویش چ لە رێگای دەنگدان و بەشداری كردنیان لە پرسی ریفراندۆم و چ لە رێگای هاندانی ئەندامانی خێزان و باوك و برا و هاوسەر و نەوەكانیان تا هەمووان بەشدار بن.
ئافرەتی كوردهەمیشە ڕۆلێكی پۆزەتیڤیان هەبووە لە سەرجەم شۆرش و ڕاپەرینەكان بەرامبەر رژێمی فاشی بەعس، پاڵەوانانە لە رێگای بەشداریكردن لە رێكخستنەكانی پارتە سیاسیەكانی كوردستان بەرەنگاری سیاسەتی ئاوارەبوون و دەربەدەری و هەژاری و تەعریب و تەبعیس بوونەوە كە رژێمی بەعس پەیرەوی كرد دژی كورد و كوردستانیان هەر بۆیە پێویستە ئافرەت و تێكۆشەر و رۆشنبیرو كاراكانی كۆمەلگای كوردی دووبارە بە شێوەیەكی هۆشیارانە لە ئاست گرنگی ئەم قۆناغە بن كە قۆناغێكی هەستیارە و كوردستان پێی تێپەر دەبێت و پێویستە مەردانە بێنە پێشەوەو هەر یەكە لە رێگای كار و ئاستی رۆشنبیری و پێگەی لە نێو خێزان و كۆمەلگا هەوڵی ئەوە بدات كە ڕۆلی خۆی هەبێت و زۆرترین بەشداری بكات لە سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان.
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی كە ئامانج و خواستی هەموو كوردێكی خاوەن هەڵوێست و دڵسۆزە و ئەمەش بە كاركردن و هاندانی هەموو لایەك دەبێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەمووان زۆرترین دەنگ بەسەربەخۆی كوردستان بدرێت و لەو هەموو نەهامەتی و پێ شێلكاریە رزگارمان بێت كە سالانێكە وەك نەتەوەیەك رووبەرووی دەبینەوە.
ئەو بابەتە لە ژمارە 2" بڵاوكراوەی "بەڵێ‌" بڵاوكراوەتەوە كە تایبەتە بە یەكێـی ئاقرەتانی كوردستان

 

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن