سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

ریفراندۆم و مێژوویەكی پیرۆز

 د.مەیادە نەجار
سەرۆكی رێكخراوی ئاریانا بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان
دەوڵەتی سەربەخۆ ئەو خەونە مێژووییەی كە ساڵانێكی دووروودرێژە میللەتی كورد خەباتی بۆ دەكات، ئەمرۆ لەسایەی هەنگاوە حەكیمانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز (سەرۆك مەسعود بارزانی) و هەوڵ و تەقه‌ڵا بەردەوامەكانی لەئێستادا خۆی سەربەخۆبوون دەركەوتووە ، بەتایبەتی لەكاتێكدا‌ بەرەو 25/9 دەچین كە وادەی‌ ئەنجامدانی‌ پڕۆسەی‌ ریفراندۆمە لە هەرێمی‌ كوردستاندا.
ئەوەی گرنگە سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان بەگشت دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان هەوڵی بێوچان بۆ سەرخستنی‌ پڕۆسەكە دەدەن، ئەوەی تیبینی دەكرێت لەم رۆژگارەدا تارادەیەكی باش گشت لایەنە‌ سیاسیەكان بەهەنگاوی دەستەجەمعی و كاری‌ پێكەوەیی‌ پشتگیری ریفراندۆم دەكەن و تارادەیەك كۆدەنگی‌ نیشتیمانی‌ سیاسی‌ و میللی‌ هاتۆتە بەرهەم ،لەم قۆناغەدا‌ ڕیفراندۆم گەرموگوڕیەكی‌ زۆری بەپرۆسەی سیاسی بەخشیوە چونكە ئەو خەونەیە كەمییلەتی‌ كورد ساڵانێكی زۆر دیرینە چاوەروانی دەكات.
پرسی ڕیفراندۆم لەسەر چارەنوسی هەرێمی كوردستان كاریگەریەكی زۆر گەورەی دەبێت چونكە مافێكی ڕەوا و سەرەتایی گەلەكەمانە كە خۆی بڕیار بدات، ئەم پرسە پرسێكی زێدە گرنگ و كاریگەرە بۆ ئێستا و ئایندەی نەك هەر ئەم بەشەی باشوری كوردستان بەڵكو بۆ تەواوی ئایندەی نەتەوەكەمان لەهەر چوار پارچەكەدا،چونكە سەركەوتن و پێدانی دەنگی زۆرینەی( بەڵێ‌ ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان و جیابونەوەی لەدەوڵەتی مەركەزی عێراق هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی پێكەوەنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەم بەشەدا و هەر لێرەشەوە پرشنگی خۆر و ڕوناكیەكەشی پەخش دەبێتەوە بۆ هەرسێ‌ بەشەكەی تری كوردستانی گەورە. بۆیە پرسێكی ئاوها گەورە و چارەنوسساز كاریگەریەكی زۆر گەورەی لەسەر هەموو ناوچەكە دەبێت ، بۆیە ئەركی كوردانی گشت پارچەكانی تری كوردستانە پشتگیری بكەن ، هەروەها ڕیفراندۆم بۆخۆی پڕۆسەیەكی یاسایی و دەستوریە و لەهەموو دەستوری وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتیەكاندا دانیپیچدانراوە و ڕێزیش لە هەنگاوەكە دەگیرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و حكومەتەكانیش،چونكە لەدونیای دیموكراسی و ئازادیەكاندا ڕای میللەت سەنگی مەحەكە بۆ یەكلایكردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان،
وەك دەشزانین كەریفراندۆم ئەو ڕێگەیە كەمیللەت دەنگی لیوە دەدات
ئەم پرسە تەواو یاسایی و دەستوورییە چونكە هەرێمی كوردستان وەك مافێكی یاسایی و دەستوری خۆی وەك دووەم نەتەوەی نێو دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی بۆی هەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان و نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئەو مافەی خۆی پەیڕەو بكات ،لایەنی كەم بۆ دەرخستنی ڕای زۆرینەی گەلی كورد لەسەر جیابونەوە و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەمە بێجگە لەوەی كە هیچ دەقێكی دەستووری عێراقی باس لەیەك پارچەی خاكی عیراق ناكات ، واتا كورد لەرووی یاساییەوە بەتەواوەتی مافی خۆی هەیە بۆ بنیادنانی دەوڵەت، واتا گەلی كورد دەتوانیت لەرێگەی هەر هەنگاوێكەوە مافی خۆی دەستەبەربكات، بێجگە لەوەی كە حكومەتی عێراق ناتوانێت بەهیچ جۆرێك رێگری بكات، چونكە دەستووری عێراق لەچەندین بڕگەدا باسی لەوەكردووە كە میللەت بۆی هەیە لەرێگەی ریفراندۆمەوه بریار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.
لەكۆتاییدا ڕیفراندۆم مەسەلەیەكە تایبەتە بەگەلی كورد ، مافی گەلی كوردیشە كە بڕیاری سەربەخۆبوون بدات، هەربۆیەش چەندە گەرموگوڕ و مكوڕتر بێت لەسەر ئەو بابەتە هێندەش بابەتەكە

دەچێتە پێشەوە، پێویستە هەموو هەولێك بخەینە گەر بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

ئەو بابەتە لە ژمارە "3"بلاوكراوەی "بەڵێ‌" بلاوكراوەتەوە كە تایبەتە بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن