سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

لە هەگبەی ئافرەتێك...

نەسرین حەسەن

"ئامانە" خان ئافرەتیكی شۆرشگیری شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازە ، ئەو ئافرەتەی كە شان بە شانی هاوسەرە پێشمەرگەكەی هەموو چیاكانی كوردستانی بینیوە و هەستی بە ئازاری

ئاوارەیی كردووە، كاتێك "ئامانە"خان یەكێك لە منداڵەكانی لە ژیانی پێشمەرگایەتی لە دایك دەبێت ، هاوسەرەكەی بە ئەركی پێشمەرگایەتی دەرچووبوو ،ئەویش لە كاتێكدا بە دەم ئازاری منداڵبوونەوە دەیناڵاند ، كەسی لە لا نەبوو ماڵەكەیان لە نزیك بارەگای پێشمەرگەكان بوو، من خۆم ماڵەكەیانم بینیبوو، شوێنێكی زۆر نالەبار كە بۆ ژیان نەدەشیا ، دوو هۆدە بوو هۆدەیەك" ئامانەخان" و هاوسەرەكەی تێدا دەژیان ، هۆدەكەی تریش لە پشتەوە بوو كە شوێنی ئاژەڵان بوو كە شەو لەوێ‌ دەحاوانەوە ، ئەوشەوەی كە "ئامانە خان" منداڵی دەبوو نەیدەزانی چی بكات، ناچار داوای یارمەتی لە پێشمەرگەكان دەكات كە مامانی گوندی بۆ بهێنن بۆ ئەوەی لە منداڵبوونەكەی یارمەتی بدات ، لەو كاتەدا یەكێك لە پێشمەرگەكان پێی دەڵێت: "ئامانە خان" تكایە تا بەیانی بوەستە...!، ئێستا نازانین بەو شەوە چی بكەین...، لە بەختی "ئامانە خان" مامانی گوند ئەو شەوە لە وێ‌ نابێت ، ئیتر هەر چۆنیك بێت " ئامانە" خان بە هاوكاری ئافرەتێكی تر بە سەلامەتی منداڵەكەی دەبێت .
"ئامانە خان" هیچ كات ئازار و نیگەرانیەكانی ئەو شەوەی لەیاد ناچێت ، بەڵام بە ووتەی خۆی،"ئیرادە بەرزی و هەستی نیشتیمانپەروەری و كوردایەتی ئەوەندە لای بەهێز و پیرۆز بووە كە وای لێكردووە بە سەر هەموو شتێكدا زاڵ ببێت و شانازیشی پێوە بكات ".
منداڵەكەی "ئامانە خان" لە ئاوارەیی لە دایكبوو، بەڵام ئێستا گەورە بووە و پڕبەدڵ شانازی بەوە دەكات كە خاوەنی ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە كە دایك و باوكی پێی بەخشیون. ئێستا"ئامانەخان" بە هەمان گروتینی جارانەوە و بە هەمان ورە بەرزی و دلسۆزی و نیشتیمانپەروەریەوە چاوەرێی ئەو رۆژە دەكات كە كوردستان سەربەخۆ بێت و دەڵێت" ئازارەكانی ئێستام وەكو ئازارەكانی ئەو كاتەیە كە منداڵەكەم لە ئاوارەیی لە دایك دەبوو، ئێستا چاوەڕوانی لە دایكبوونی كوردستانم و بەدڵنیاییەوە دەنگێ‌ "بەڵێ‌ " لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوەندە زۆر دەبێت كە هەموو ئازارو و نیگەرانییەكانمان بە یەكجاری دەڕوێتەوە و بە ئاسوودەیی دەژین .
لێبوردەیی، خۆراگری، و قارەمانیەتی ، نموونەیەكن لە شانازی و شكۆمەندی ئافرەتی كوردستانی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، بە دڵنیاییەوە بە بەشداری ئافرەتان لە

هەڵبژاردنی 25 ئەیلول و بە دەنگدان بە "بەڵێ‌" و لەدایكبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ ئەو شكۆمەندیی و شانازییە بە زیندوویی دەمێنێتەوە .

ئەو بابەتە لە ژمارە "3"بلاوكراوەی "بەڵێ‌" بلاوكراوەتەوە كە تایبەتە بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان 

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن