سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

ڕیفراندۆم سارێژی زامەكانە

فه‌زیله‌ شۆرش
لە هەموو دنیادا و بەتایبەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دا ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی شارستانیانەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافێکی ڕەوا. بەدرێژایی مێژوو گەلەکەمان زۆر ڕێگای هەورازو نشێوی بڕیوە ، کۆسپ وتەگەرەی زۆر هاتۆتە پێش و بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم ئازادی و دروستکردنی کیانی سەربەخۆدا . بەهۆی شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعشەوە گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان قوربانییەکی زۆرمان داوە بۆ پارێزگاری لە نیشتیمان و ڕزگار بوون لە دەست ئەو تیرۆریستە جیهانیە ، ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بینی و بیستی کە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە چ دەنگدانەوەیەکی هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە . لە ئێستادا بارودۆخی سیاسی و حکومڕانی لە ناوچەکەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا لەبەردەم ژانی لەدایکبوونێکی نوێ و گۆڕانکاری دایە . ئێمەی گەلی کوردیش دەبێت سوود لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرین ، بۆ ئەم مەبەستە ئیڕادەی سیاسی و سەرکردایەتی حەکیمانەی گەلی کوردستان گەیشتۆتە وێستگەی بڕیاری کۆتایی و لە ڕاپرسیەکدا بەشێوازی دیموکراسیانە و لە پرۆسەیەکی شارستانیانە و مۆدێرن دا ، لەسەر سندوقەکانی دەنگدان و ڕاستەوخۆ بە دەنگی گەل بۆ شەرعیەت دان بە ئامانجی پیرۆز و خەباتی ڕەوامان ، شادکردنی نیشتیمان ، بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی خوێنی شەهیدانمان ، کاتی گونجاو هاتۆتە پێش بۆ چوونە سەر سندوقی دەنگ دان بۆ ئامانجی بەدەوڵەت بوونمان
فەیلەسوفی ناوداری ئەڵمانی هێگڵ دەڵێت "دەوڵەت ڕۆحی نەتەوەیە"
دەوڵەت بنەمایە بۆ دەستەبەربوونی ئازادیەکانی تاک بە تاکی گەلەکەمان ، ئافرەتان دەتوانن مافی ڕەوایان لە جوڵانەوەی فێمینیستی لە سێبەری هەیمەنەی دەوڵەتی سەربەخۆدا بچەسپێنن . کەواتە ئەرکی سەرشانی هەموو هاوڵاتیەکی بەڕێزو زێدە ئازیزە بە دەنگی بەڵێ بەردێ دانێ لە بناغەی دروست بوونی ئەو دەوڵەتەدا . دەبا بەڵێ کانمان بۆ نیشتنمان بێ بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بێ.

 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن