سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

ئێزیدیەكان كوردستانین

سوعاد لالۆ بەشار

كوردانی ئێزیدی یەكێك لە كۆنترین پێكهاتەكانی كوردستانن هاوشانی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بەشداریان كردیە لە هەموو جومگەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی

بەشداریكردنی كوردانی ئێزیدی لە بزاڤی شۆرشگێری كوردی دەگەڕێتەوە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە رێگای پەیوەندیكردنی بە شۆرشی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، بەڵگەی ئەو پەیوەندیەش شاری شەنگال و بەستنەوەی بە ئیدارەی كوردی،كوردانی ئێزیدی بەشداریان كردووە لە شۆرشی بارزان و پاش گەرانەوەی بارزانی لە روسیا شاندێكی گەورەی ئێزیدیەكان كە پێكهاتبوون لە سەرۆك هۆزەكان لە بەغداد پێشوازیان كرد لە سەركردەی مەزن بارزانی نەمر پاشان قۆناغی هەرە گرنگ بەشداریان لە شۆرشی ئەیلول وشۆرشی گوڵان كرد، وە پێشمەرگە ئێزیدیەكان رۆلێكی باشیان هەبووە لەو شۆرشانە وە داستانی شەهید مەحمود ئێزیدی و ئەوانی تریش بەلگەن لەسەر ئەو بەشداربوونە.
لەساڵی 1990 ئێزیدیەكان بەشداریانكرد لەژیانی سیاسی هەرێم و ڕۆڵیان هەبوو لە بنیاتنانی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان هەروەها دوای 2003 پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەڤەرەكانی خۆیان ئاوەدان كردەوە، زۆربەی خەڵكی شەنگال هاتنە ناو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەنگی ئێزیدی ڕۆڵی بەرچاوبوو لە هەبوونی ریفراندۆم لەناو دەستووری عیراق هەروەها كۆنتروڵكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراقی كردووە لە بەرژەوەندی مافی گەلی كورد، كاتێك 16یەكەی كارگێری لەپارێزگای موصل هاتنە ژێر ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وپارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری دەنگی كوردانی ئێزیدی ودڵسۆزیان بۆسەركردایەتی كردنی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو ، ئێزیدیەكان لەلایەن حكومەتی ڕژێمی بەعس ستەم و زوڵمی زۆریان بینی و قوربانی زۆریان داوە بۆنموونە: (بەهۆی بەشداریكردنیان لە شۆڕشی گوڵان و ئەیلول (450) گوند تەنها لە سنووری شەنگال سووتێنرا، سەدان كەس لەسێدارە دراوە بەهۆی داواكردنی مافەڕەواكانی كورد، ڕاگواستنیان بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێكان، دەستبەسەرداگرتنی زەویە كشتوكاڵیەكان، ڕاگواستنی سەدان خێزانی پێشمەرگەی ئێزدی بۆ باشووری عێراق و ئێران ), سەرەڕای ئەو هەمووستەمەی ژێر دەسەڵاتی بەعس، لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام كە بەداعش ناسراوە جینۆسایدێكی دی دەرحەق بە ئێزیدیەكان كرا.
ئەو تراژیدیایەی كە بەسەر ئێمە هات تاكە هۆكار كوردبوون و ئێزیدی بوون بوو، ئێستا كە كوردستان بە هەستیارترین قۆناغی مێژوودا تێپەڕدەبێت، كە هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی، ئەركی سەرشانی تاكی ئێزیدی قورسترە لە هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان لە ڕووی مێژوو، بۆ دەنگدان بە بەلێ لە ڕیفراندۆم، وەك ئەزموونی مێَژوویی كوردانی ئێزدی نواندنی وەفا بۆ خوێنێ شەهیدان و هەستكردن بە پارێزراوی ئاین و كلتورمان لەهەموو ڕوویەكەوە كە لەژێر چەتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەشێكی ئارام و سەقامگیر بووین بۆ بەردەوامی و پاراستنمان پێویستە ئێمەو پێكهاتە ئاینییەكانی دیكە كە زمان و كلتور و مێژوو و داهاتووی هاوبەشمان هەیە تاكە ڕێگایەك لە بەردەمی ئێمە هەبێت تەنها دەنگدان بە(بەلێ)یە بۆ سەربەخۆیی كوردستان .

ئەو بابەتە لە ژمارە "3"بلاوكراوەی "بەڵێ‌" بلاوكراوەتەوە كە تایبەتە بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان 

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن