سێ شەممە, 26 ئەیلول 2017

ریفراندۆم باشترین هەنگاوی سەربەخۆییە


 : د: مەیادە نەجار

ریفراندۆم مافێكی گەلی كوردە هەم لەرووی سیاسیەوە هەم لەرووی یاساییەوە، چونكە ئەم گەلە ساڵەهای ساڵە خەبات لەپێناوی ئازادی و سەربەخۆیی دەكات ، ئێستا كەسانێك هەن دەیانەوێت رێگری یاسایی بۆ دژایەتی كردنی ریفراندۆم بدۆزنەوە بەلام سەركەوتوو نابن, چونكە لەیاسای نێودەوڵەتیەوە، مافی راپرسی بۆ میللەت دراوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسزازەكان بدات، ئەوەی گرنگە دەمەوێت شیبكەمەوە لەڕووی یاساییەوە پەیماننامەو ڕێككەوتننامەو جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر گرنگە كە ئەوانە بەتەواوەتی ئەو مافەیان بەكورد داوە. واتا هەموو مەرجە یاساییەكان بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەن ئەركی هەمووانە بشتكیری ئەو پەیامە پیرۆزەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین, چونكە ئەم رۆژە رۆژێكی مێژووییەو هەلێكی زیرینە دەبێت بەهەستیارانەوە دەنگ بە(بەڵی ) بدەین ، دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدەین هەروەها شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی پێیانوایە ئەو بڕیار و ڕێككەوتننامانەی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختلەوە دەكەنەوە كەهێزی پابەندێتییە بۆ ئەوەی گەل یان هەرێم یا هەر پارچەیەك لە دەوڵەت ئارەزووی جیابونەوە بكات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامبدات، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێك بۆ گەلی كورد بۆ بڕیاردانی ئەم پرسە هەستیارە، لەم ڕوەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بڕیاری ریفراندۆم بدات ، چونكە یاسا نێودەوڵەتیەكان پشتگیری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پشتگیری سەدا سەدی ئەكەن ، ئەمەش وەڵامێكە بۆ نەیارانی پرۆسەی ریفراندۆم كە دەیانەوێت رێگری بۆ ئەنجامدانی ئەم پرسە دروست بكەن. هەروەها بەهیچ شێوەیەك حكومەتی ئێراق ناتوانێت ڕێگری دروست بكات چونكە لە دەستوری هەمیشەیی 2005ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەوە كراوە كە نەتەوەكان مافی بڕیاردانیان لەڕێگەی راپرسیەوە دەبێت چونكە عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتی‌و كارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، واتا حكومەتی ئێراقی ئەمرۆ دەیەوێت لەرێگەی نەتەوەیەكگرووەكانەوە خۆی بچەسپێنت و لەبەر ئەوەش بەهەموو بڕیارێكی ئەوان ڕازییە. لەروویەكی ترەوە لە دەستوری عێراقدا هیچ دەقێكی ناچاری بۆ یەكێتی خاكی عێراق بەڕاشكاوی نەهاتووە، بەڵكو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا هاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە‌ یەكێتی خاكی عێراق دەپارێزێت، ئەمەش باشترین كارتی یاساییە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندا چونكە دەستوری هەمیشەی ئێراق ئەو مافەی پێ بەخشیوە ، لەكاتێكدا هیچ كاتێك حكومەتی عێراقی ناتوانێت حاشا لەو بەندە دەستوورییە بكات ، بۆیە سیاسەتمەدارانی ئێراق ناچارن رێز لەئێرادەی ریفراندۆم بگرن و دان بەریفراندۆمەكەدا بنێنن.
هەروەها عێراق هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەمەدەنی‌و سیاسییەكان لە16/كانونی یەكەمی 1966، و پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتورییەكان" لە 16/كانونی یەكەمی 1966. بە بێ هیچ خۆگرییەك واژۆ كردووە، كەئەمیش رێگە بە میللەتان دەدات كەبڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن، واتا حكومەتی ئێراقی خۆی لەخۆیدا گشت بەو بەڵێنامانەی ئیمزاكردووە كە دەبێت دان بەمافی ئەو ریفراندۆمەدا بنێت وەك لە كۆتایی دیباجەی دەستوری هەمیشەیی ساڵی (2005)ی عێراقدا هاتووە "پێكهاتەو لایەنەكان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە، ئەو هەلەش دەرەخسێنت كە هەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە، هەركاتێكیش حكومەتی ئێراقی ئەم هەنگاوەی جێبەجێ

نەكرد ، یاساناسانی هەرێمی كوردستان دەتوانن لەرێگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە حكومەتی ئێراق ناچار بكەن

ئەو بابەتە لە ژمارە 4 بلاوكراوەی بەڵی تایبەت بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە .

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن