شەممە, 19 ئاب 2017

سەرۆک بارزانی لە یادی 34 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندالە لایەن رژیمی بەعسەو پەیامێكی پێشكەشكرد


به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ یادی رۆژێكی پڕ له‌ ئێش و ئازار ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێش 34 ساڵدا و له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ رژێمی به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سی بێ گوناهی راپێچی بیابانی باشووری عێراق كرد و هه‌موویانی كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵكرد، ئه‌وانه‌ هیچ گوناهێكیان نه‌بوو، ته‌نیا گوناهیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردن و بارزانین.
هه‌شت هه‌زار كه‌س، له‌ گه‌نجی 12 ساڵییه‌وه‌ تا هاووڵاتیانی به‌ ساڵاچووی ته‌مه‌ن 90 ساڵی، هه‌موویان بردن بۆ بیابانی سه‌ماوه‌ و بێ سه‌روشوێنیان كردن و زۆریشیان تا ئێستا روفاتیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا رووفاتی 800 هاووڵاتی دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی باوباپیری خۆیان.
له‌ هه‌موو كوردستاندا كه‌ ئه‌نفال ئه‌نجامدراوه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا كۆی 180 هه‌زار تا ئێستا توانراوه‌ رووفاتی 3 هه‌زار بهێنرێنه‌وه‌ و به‌ڵێن ده‌ده‌ینه‌ كه‌سوكاری هه‌موویان كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین رووفاتیان بهێنینه‌وه‌ بۆ زێد و خاكی باوك و باپیریان.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر بارزانییه‌كاندا بێت و به‌ڵام هیوادارم دوایین جار بێت به‌سه‌ر بارزانیان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بێت.
له‌ ساڵانی بیسته‌كان و سییه‌كاندا گوندی بارزان كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوی فڕۆكه‌كان و بۆ یه‌كه‌مجار بۆمبی ته‌قیتكراو به‌كارهێنرا و خه‌ڵكێكی زۆر بوونه‌ قوربانی و شه‌هید بوون، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ خه‌ڵك نه‌یده‌زانی فڕۆكه‌ چییه‌ تا به‌وه‌ بگات بزانێت بۆمبی ته‌وقیتكراو چییه‌ و خۆی لێی بپارێزێت.
یه‌كه‌مجار گوندی بارزان له‌ 1892 سووتێنرا و هه‌تا ئه‌مڕۆ 16 جار سووتێنراوه‌. بۆ ئێمه‌ جێی شانازییه‌كی مه‌زنه‌ كه‌ بارزانیان هیچ جارێك سه‌ری خۆیان بۆ سته‌مكاران شۆڕنه‌كردووه‌ و ناشیكه‌ن.
هه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ بووه‌ و ئه‌و شێره‌ ژنانه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا له‌ بێكه‌سی و بێ پشت و په‌نایی به‌ڵام به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین نه‌یانتوانی ئه‌و منداڵانه‌یان بێ كه‌س بن و بۆیان بوونه‌ دایك و باوك و روویان سپی بێت و ئینشه‌ڵڵا خودا پایه‌ی مه‌زن ده‌به‌خشێته‌ ئێوه‌ چونكه‌ له‌ راستییدا ئێوه‌ نموونه‌ی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی میله‌تی ئێمه‌ن.
لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم به‌ ناوی ئێوه‌ و خۆمه‌وه‌ سووپاسێكی گه‌رم ئاراسته‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و شه‌قڵاوه‌، هه‌ریر، باتاس، خه‌لیفان، دیانه‌، باڵه‌كایه‌تی و سیده‌كان و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ رۆژی نه‌هامه‌تییدا هاوكاری كه‌سوكاری بارزانییه‌كانیان كرد و خه‌ڵكی هه‌ولێریش زۆر مه‌ردانه‌ هاتنه‌ مه‌یدان بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بێ كه‌س و بێ سه‌روبه‌ری مانه‌وه‌ و ئه‌و سته‌مه‌ گه‌وره‌یان لێكرابوو. هیچ جارێك چاكه‌ی ئه‌وان له‌ بیر ناكرێت و هه‌میشه‌ خۆمان به‌ قه‌رزاری ئه‌وان ده‌زانیین.
خوشك و برایانی خۆشه‌ویست
پێش ئێمه‌ شێخ ئه‌حمه‌دی مه‌زن ئێمه‌ی فێركردووه‌، كه‌ ژیان ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر جۆرێك بێت و بژیت، ژیان ئه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ربه‌رزی بژیت. شێخ عه‌بدولسه‌لام پێش 110 ساڵ به‌ رۆژهه‌ڵاتناسێكی به‌ریتانی گوتووه‌: پێویسته‌ سه‌ردانێك بۆ من رێكبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ له‌نده‌ن و پادشای به‌ریتانیا ببینم و باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌م چونكه‌ ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ ئێمه‌ ده‌كرێت قبوڵ ناكرێت. شێخ ئه‌حمه‌دی مه‌زن 12 ساڵ كۆت و به‌ندی زنجیر له‌ ده‌ست و پێیدا بوو له‌ زیندانی به‌سره‌ سازشی بۆ رژێم نه‌كرد و كاغه‌زێكی بۆ نه‌نووسیی. مه‌لا مسته‌فای بارزان هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ چیاكان به‌سه‌ر برد، ئێمه‌ی بارزانی قوتابی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ن و ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ شانازییه‌كی مه‌زنه‌ و په‌یمان ده‌ده‌ین هه‌تا ساغ بین له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ین.
با بگه‌ڕێینه‌وه‌‌ سه‌ر باسی ره‌وشی ئێستا، ئه‌گه‌ر هه‌ژماری بكه‌ین، په‌یوه‌ندی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ دوو قۆناغدا گوزه‌ری كردووه‌. یه‌كه‌میان له‌ 1920ه‌وه‌ تا 2003 و قۆناغی دووه‌میش له‌ 2003ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ.
له‌ هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات له‌و هه‌موو كاره‌ساته‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌بووین بچینه‌وه‌ به‌غدا و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ برایه‌تی و دیموكراتی بژین، به‌ڵام دیاره‌ هه‌مان فه‌رهه‌نگه‌ و هیچ سوودی نییه‌.
له‌ هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا بڕیار بوو ئێمه‌ هاوبه‌ش بین، به‌ڵام پشكی ئێمه‌ له‌و هاوبه‌شییه‌دا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ 4500 گوندی ئێمه‌یان وێران كرد، 182 هه‌زار كه‌سی ئێمه‌یان ئه‌نفالكرد كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، كیمیایبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ تا زاخۆ، 12 هه‌زار گه‌نجی فه‌یلی له‌ 18 تا 30 ساڵی و هه‌شت هه‌زار بارزانی كه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زیندوون له‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ میله‌تی ئێمه‌ ئه‌نجامدراوون.
قۆناغی دووه‌میش هه‌موو ده‌زانن، ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان رۆڵێكی سه‌ره‌كیمان له‌ ده‌ستووری نوێدا بینی هه‌تا گه‌یشته‌ په‌سند كردن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ هه‌م بۆ ناوخۆ و هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌، ئایا به‌غدا چ پابه‌ندییه‌كی به‌و ده‌ستووره‌وه‌ هه‌بووه‌، نه‌ پابه‌ندی ده‌ستوور بوو، نه‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێكرا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێكرابا، ره‌نگه‌ زۆر شت ئه‌مڕۆ رووی نه‌دابا. رێگه‌ له‌ پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌ گیرا كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو و ده‌ستووریش دانی پێدا نابوو. كاتێك داعش په‌لاماری كوردستانی دا ئێمه‌ رووبه‌ڕووی كێشه‌ بووینه‌وه‌، چونكه‌ نه‌ چه‌ك هه‌بوو نه‌ جبه‌خانه‌ و ئه‌وان نه‌یانده‌هێشت نه‌ چه‌ك بۆمان بێت و رێگریش بوون له‌وه‌ی خۆمان چه‌ك بكڕین.
تاوان له‌ هه‌موو تاوانێك مه‌زنتر ئه‌وه‌بوو، كه‌ نانی خه‌ڵكی كوردستانیان بڕی، گریمان كێشه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بوو و خه‌تای هه‌رێمیش بوو، به‌ڵام تاوانی نان بڕینی خه‌ڵكی كوردستان هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ تاوانی كیمیایبارانی خه‌ڵكی كوردستان.
ئێمه‌ نه‌مانبینی كه‌سێك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ به‌ڵكو تاوانێكی مه‌زن بوو. ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕی مووسڵیش هه‌موومان رۆڵی پێشمه‌رگه‌ ده‌زانن و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ مووسڵ رزگار نه‌ده‌كرا، به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی مووسڵ و هه‌تا ئه‌مڕۆ پێشێلكاری گه‌وره‌ روویاندا و ئێمه‌ ته‌حه‌مولمان كرد و قسه‌مان نه‌كرد، به‌ڵام ئێدی ئێمه‌ ناچار بووین بیر له‌ رێگه‌ چاره‌سه‌رێك بكه‌ینه‌وه‌.
ساڵی رابردوو خۆم چوومه‌ به‌غدا و له‌ پێش منیش سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ مانگێك چووبووه‌ به‌غدا و له‌وێ زۆر راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا رامانگه‌یاند، ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ قه‌ناعه‌تێك كه‌ ناكرێت به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و ئێوه‌ بڕواتان به‌ شه‌راكه‌ت نییه‌ و ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ی هه‌بووه‌ شكستیهێناوه‌ و با راشكاوانه‌ بین و ئازایانه‌ بگه‌یه‌نه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ مادام نه‌كرا به‌ شه‌راكه‌ت بژین با دراوسێیه‌كی باش بین، به‌ڵام ئه‌وان به‌ جدی ئه‌وه‌یان وه‌رنه‌گرت و بڕوایان وابوو كه‌ بۆ فشاردرووستكردنه‌، ئه‌وه‌ بۆ فشاردرووستكردن نییه‌، به‌ڵكو بڕیاره‌ و سه‌ره‌نجام میله‌تی ئێمه‌ بڕیاری خۆی ده‌دات له‌ 29ی ئه‌یلوول چاره‌نووسی خۆی دیار ده‌كات.
له‌ كۆتاییدا داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م، بیر له‌و هه‌موو تاوانانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌رهه‌قمان كراوه‌، له‌ ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیایبارانكردن، له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا زاخۆ، كاتێك ئه‌وانه‌مان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ پێویسته‌ ویژدانمان له‌سه‌رمان فه‌رز بكات كه‌ یه‌كڕیز بین و باشترین چه‌ك به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئامانج یه‌كڕیزیمانه‌.
دووباره‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ نیازمان ئه‌وه‌یه‌ به‌ خۆشی و له‌یه‌كتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و ئێمه‌ هیچ بیر له‌ شه‌ڕ ناكه‌ینه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ له‌ شه‌ڕ بگرین و بۆیه‌ هیوادارین وڵاتان و دۆستانی ئێمه له‌ ره‌وشی ئێمه‌ تێبگه‌ن و‌ پشتیوانمان بن و هانی ئێمه‌ و به‌غداش بده‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر و ئێمه‌ و به‌غدا ببینه‌ دراوسێی باش بۆ یه‌ك و به‌ خۆشی بژین.
دووباره‌ هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و زۆر سووپاس بۆ ئاماده‌بوونی هه‌موولایه‌ك و زۆر سووپاس.

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن