شەممە, 19 ئاب 2017

ئافرەتانی سلێمانی پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن

ئافره‌تانی سنوری پارێزگای سلیمانی پێیان وایه‌ ئێستا كانی كێشه‌ی ناوخۆی نییه‌و كورد ده‌بێت یه‌ك ریزبێت له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چانسه‌ی ئێستا هاتۆته‌ به‌رده‌م كورد له‌ده‌ست نه‌چێت و كات نه‌دریت به‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی پیلانێكی هاوشیوه‌ی لۆزان و سایكس پیكۆ له‌ دژی كورد بكه‌ن.
ئا: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی (ی.ئا.ك)
سێوە سەركەوت له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
.لاپەڕەكانی مێژووی كوردستان هەرگیز لۆزان وسایکس- پیکۆ لە هزروبیردا ناسڕێتەوە ، جێ به‌ جێ نه‌كردنی رێكه‌وتنامه‌ی سیڤەر کە هۆكاره‌كه‌ی کەمتەرخەمی کوردوخیانەت لێكردنی وپاشگەزبوونەوەی زلهێزەکان بوو كورد زیانێكی گه‌روه‌ی به‌ركه‌وتلە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یه‌كه‌می جیهانی ودابەشکردنی میراتی عوسمانیەکان، ده‌وله‌ته‌ زلهیزه‌كانی ئه‌وكات خاكیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دابه‌شكردو کورد فەرامۆشکرا و زۆرترین زیانی به‌ركه‌وت و له‌وكاته‌وه‌ دوژمنانی كورد كه‌وتنه‌هەوڵی سڕینەوەی یەکجارەکیمان هەر لە کیمیاباران وڕاگوێزان وخاپوورکردنی گونده‌كان وکوشتن وبڕینی ناوزیندانەکان و هه‌زاره‌ها مه‌ینه‌تیمان چیشت له‌به‌ر نه‌وبوونی ده‌وڵه‌ت، بۆیه‌ هەمیشە دەست بەدوعاونزابووین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئەزموونەی ئیستای هەرێمی کوردستان له‌به‌ر نه‌چێت و ونەگەڕانەوەی بۆ ژێردەستی، ئێستاش كه‌ هه‌لێكی زێرین ولەبار گونجاو هاتۆته‌ به‌رده‌ممان تا داهاتوومان له‌ ئێستا پرشنگدارتر بكه‌ین، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان گلەیمان لێنەکەن وبندەستی داگیرکاران نه‌بن ده‌نگ به‌ به‌ڵێ ده‌ده‌م و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆم ده‌ویچت.


ژیان جه‌لال پێی وایه‌ له‌ ئیستادا رۆشنبیران ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه‌و وەک سەرقافڵەی گەل لەهەموو پرسەکانی کۆمەڵگەدا هیوایان لەسەر هەڵده‌چنرێت بۆ سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆم و دەتوانن بەو خەسڵەتانەی هەیانە کاریگەری خۆیان هەبێت، به‌و پێێیه‌ی كه‌سی رۆشنبیر دەبیت بوێر و به‌ هەڵوێست بێت وهەست بە بەرپرسیارێتی بكات لەمەڕ پرسە نیشتیمانیه‌كان وەتێکۆشان بۆ چەسپاندنی پرنسیپەکانی (دیموکراسی ،ئازادی، دادپەروەری،مافی مرۆڤ) بكات.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ ئیستادا ،ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێت بوێربێت بتوانێت بێ سانسۆر بێ کۆت وبەند بەشێوەیەکی مەنتیقیانە دوور لە هه‌ست و سۆزو لە هاندان و پاشکۆیەتی بۆ هیچ کەس و لایەنێک ئەرکی ئەخلاقی خۆی بەجێبهێنێت بەشێوەیەکی واقعبینانە و زانستیانه‌ خوێندنەوە بۆ بابەت و پرسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە په‌یوه‌ست به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بكات و ڕاوبۆچوونی خۆی بەیان بکات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی .

پارێزه‌ر هێشوو هۆشیار پیی وایه‌ ریفراندۆم ئه‌رکێکی ویژدانی ده‌‌خاته‌ سه‌ر شانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ پێویسته‌ كوردستانیان بوونی ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ست نه‌كه‌ن ‌ به‌ دابینکردنی بژێوی و خزمه‌تگوزاری و تێکه‌ڵکردنی ده‌سته‌واژه‌ی (ده‌وڵه‌ت)و (سیسته‌می حوکمڕانی) به‌ هه‌ڵه‌یه‌کی باوه ده‌زانیت و ده‌ڵێت : ئه‌و دوو چه‌مکه‌ ته‌واو لێک جیاوازن چونکه‌ باری ناهه‌موارو قه‌یران سیاسه‌ت ئه‌یخوڵقێنێ به‌ڵام چه‌مکی (ده‌وڵه‌ت) و بوونی، سیاده‌و که‌رامه‌تی مرۆڤ بوون و شوناسی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ هه‌موو جیهان ئه‌سه‌لمێنێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ بۆ له‌باربردنی ئه‌م پرسه‌ ده‌ده‌ن ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیاری مێژووه‌وه‌ که‌ ئه‌و مافه‌ به‌ خۆیان و گه‌له‌که‌یان ڕه‌وانابینن و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و ڕوئیایه‌کی ته‌سکبینی هوتافی نابه‌رپرسیارانه‌ دژی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بڵێنه‌وه‌و پشێوی و دوودڵی له‌لای هاونیشتیمانیان دروست بکات.
هێشوو ئه‌حمه‌د باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ كورد هیچ ئه‌زمونێكی ئارام و خۆشی له‌ عیراقدا نه‌بووه‌و هه‌ر حكومه‌ته‌ و به‌جۆرێك و به‌پێی سه‌رده‌مه‌كه‌ كوردی چه‌وساندۆته‌وه‌ و ده‌ڵیت :دیاره‌ هه‌رێمی کوردستان له‌هه‌موو قۆناغه‌ مێژوویه‌کانیدا حوکم و سته‌می حوکمه‌تی عێراق و عێراقچیه‌کانی به‌دیکردووه‌ جگه‌ له‌زوڵم و سته‌م و پشتگوێخستنی خواست و داخوازیه‌ ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان چی دیکه‌یان پێنه‌داین، وه‌ک له‌ حوکمی ڕژێمی به‌عس و دیکتاتۆره‌کانی پێشودا به‌دیکرا سیاسه‌ت و ئاراسته‌یان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌که‌مان بریتی بوو له‌ بکوژی و ئاواره‌و ئه‌نفال و ته‌عریبکردنی ڕۆڵه‌کانمان. دوای له‌ناوچوونی ڕژێم ئومێدی کورد به‌ برایه‌تی و پێکه‌وه‌ ژیان له‌گه‌ڵ حوکمه‌تی ناوه‌ند سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ به‌ ئومێدی گێڕانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتکراوه‌کان که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا ئه‌و مافانه‌ له‌ چه‌ند ده‌قێکی ده‌ستوریدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ که‌ خه‌ونی هه‌موو کوردپه‌روه‌رێک بوون له‌ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ کوردیه‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێم و چه‌ند مافێکی یاسایی دیکه‌ ، به‌ڵام ئه‌و مافانه‌یان پێ ڕه‌وا نه‌بینین و هیچ هه‌وڵێکی جددی به‌دینه‌کرا بۆ جێبه‌جێکردنی خودی ده‌ستوره‌که‌و ده‌ستیان کرد به‌ بڕینی قوتی ژیانی خه‌ڵکی و دووباره‌ كوردستانیان به‌ره‌و ئاقاری قه‌یران برده‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ڕێکخراوه‌کان و یاساناس و هاونیشتیمانی و ته‌واوی چین و پێكهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ‌هۆشیاربن به‌رامبه‌ر به‌م پرسه‌و ویژدانیان بکه‌نه‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک له‌ ڕۆژی 25ی ئه‌یلول ده‌نگیان (به‌ڵێ) بێت.
رۆشنا ره‌مه‌زان لە قه‌زای شاره‌زوور پێی وایه‌ سه‌ربه‌خۆی كوردستان تاكه‌ ده‌رچه‌یه‌ له‌ ژێر ده‌ستی و مسۆگه‌ركردنی داها توویه‌كی گه‌ش و ده‌ڵێت:
سه‌ربه‌خۆی مافی هەمووتاکێکی كوردستانه‌ و با25.9بکەینە ڕۆژی ئازادی و سەربەخۆی کوردستان ڕزگاربوون لە ژیر دەستی تورک و عەرەب و خۆفرۆش و ناحەزان و ئاماژه‌ش به‌ خه‌باتی چه‌ن ساڵه‌ی كورد ده‌كات و ده‌ڵیت ( تاکەی میللەتی ئیمە زوڵم و ستەم و زۆرداری به‌رامبه‌ر بكرێت ئیستاکاتی ئەوە هاتوە بە ئیرادەو بەهیزی خۆمان پالپشتی ئه‌و پرۆسه‌ پیرۆزه‌ بكه‌ین و داهاتوو بۆ ڕۆڵەکانمان مسۆگه‌ربكه‌ین به‌ دەنگدانمان بەبەڵێ .بالە 25.9خوینی شەهیدانمان له‌ بیر بیچێت و خەباتیان بەفیڕۆ نەڕوات جونکە ئەوان لەپێناو ئەم کوردستانە و ڕزگار بونی ئه‌م خاكه‌ لەدەستی داگیر کەران گیانی خۆیان فیداكرد" با هه‌موومان بە بەڵێ کوردستان بگه‌ینینه‌ كه‌نارێكی ئارام
ئەو راپۆرتە لە ژمارە(2) بڵاوكراوەی "بەڵێ‌ "تایبەتە بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە

یه‌كێتیی ئافره‌تای كوردستان

Email:

به‌ڕێوبه‌ره‌ی ماڵپه‌ڕ

نه‌سرین حه‌سه‌ن